بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا
بە سەرپەرشتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە 2023.5.29، بە مەبەستی پتر خزمەتکردنى هاوڵاتییان و گرنیدان بە پڕۆژەکانی پەرەپێدانى پارێزگای هەولێر و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیاتری دیوانى ئەنجومەنى وەزیران بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگاکە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و بەئامادەبوونى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و تیمى ئەنجومەنى وەزیران، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرێوەبەرانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران تەواوى پاڵپشتی و هاوکاری سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە و تەئکیدى لەسەر هەموو ئاسانکارییەک و پاڵپشتییەک کردەوە بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە لایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە لە ڕابردوو و لەئێستادا پیشکەشى پارێزگای هەولێریان کردووە، جەختیشى لەوەکردەوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە ئەنجامدانى چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزارى کراوە، کە لە ئێستادا بەشێک لەو پڕۆژانە لەجێبەجێکردندان و بەشێکى تریشیان لە دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە کێشە و گیروگرفتە ئیدارەییەکان و پێداویستیەکان لە ڕوویی کارگێری و دارایی و پەرەپێدانی دامەزراویی فەرمانگەکان و ھەماھەنگی و بەردەوامی و پاڵپشتی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاى هەولێر کرا بۆ زیاتر خزمەتکردنى ھاووڵاتییان.
لەکۆتایشدا، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووان لەبارەی تەرخانکردنی بڕی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە خزمەتگوزراییەکان کۆبوونەوە بڕیاری پێویستیدا.