بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئورمیە کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا
بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری ئورمیە کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا
ئێوارەی پێنجشەممە 2023.6.1، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) و بەئامادەبوونی جێگری وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران و شاندى باڵای هەردوو پارێزگا، لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی زیاتری جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا وێڕای ئەوەی تەئکیدیان لە بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری کردەوە، هیواین خواست پەیوەندییەکانی نێوانیان گەشەی زیاتری پێبدرێت.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەرلێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و ئورمیە، کە بە هۆیەوە توانراوە جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری و گەشتیاری لەدەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین پێشوەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینینێ، لەوبارەیەشەوە بڕیاردرا لە نزیکترینکاتدا هەردوو پارێزگاری هەولێر و ئورمییە، کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ بەرە و پێشبردنی زیاتری ئەو رێککەوتنە و چارەسەرکردنی هەر کەم و کوڕی و کێشە و گرفتێک هەبێت.
پاشان باس لەداڕشتنی میکانزمێک کرا بۆ ئەوەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوندێکی بازرگانی گرنگ بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی کەل و پەلی ئێرانی بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق و ناوچەکانی تر، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیش بۆ هاتنی زیارەتکارانی ئێران لەڕێگەی مەرزی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و مانەوەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێم و چوونیان بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، پارێزگاری هەولێر هەموو ئامادەکارییەکی نیشاندا.
دواتر د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، وێرای پاڵپشتی سەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پارێزگای دهۆکی نیشاندا بۆ هاریکاریکردنی هەردوولا و داواشی کرد هەردوو پڕۆژەی ئاوی هایدرۆپاوەری دێرەلوک و ئاوی ئاکرێ، کە دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگن بۆ هاوڵاتییان و لەلایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە جێبەجێدەکرێت، چیتر دوانەخرێت و دەست بەکارەکانی بکرێتەوە و بۆ تەواوکردنیان.
لە خاڵێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، پرسی کردنەوەی دەروازەی سنووری "سیدەکان، کێلەشین و قاسمەڕەش" خرایە ڕوو و تەئکیدیان لەهەموو ئامادەکارییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا هاوڕابوون دەستبکرێت بە داڕشتنی میکانزمێک بۆ کردنەوەی ئەم دوو خاڵییە سنوورییە، کە جگە لەسوود گەیاندن بە هاوڵاتییانی ناوچەکە، لەڕووی جوڵەی بازرگانیشەوە سوودێکی زۆری بۆ هەرێم و وڵاتی ئێران دەبێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پارێزگاری ئورمیە و پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئێران، هەردوولا جەختیان لە بەرەپێشبردن و باشترکردن جوڵەی بازرگانی لەسەرجەم خاڵە سنوورییەکان کردەوە.