دەست بە قیرتاوکردنى شەقامى سەرەکی ناوچەى پیشەسازی باکوور کرا
بە گوژمەى زیاتر لە (186 ملیۆن دینار) دەست بە قیرتاوکردنى شەقامى سەرەکی ناوچەى پیشەسازی باکوور کرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.7.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکهوه ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، قیرتاوکردنى شەقامى سەرەکی ناوچەى پیشەسازی باکوورى بەسەرکردەوە، کە بەگوژمەى (186 ملیۆن و 275 هەزار دینار) لە سەر داهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.
لەبەسەرکردنەوەکەیدا کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى شارەوانى سێ و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیاران یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، وێڕاى دەستخۆشی لە ئەندازیاران و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پیرۆزبایی لە کاسبکارانى ناوچەى پیشەسازى باکوور کرد و جەختى لەوەکردەوە کە ويستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردن و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزاریی سنوورى پارێزگاکەى زۆر لەوە زیاترە و ڕایگەیاند: "لەژێر ڕێنماییەکانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەروکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد دەکەین بتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى و دەستى ئاوەدانى بەبێ جیاوازیی لە ناو شار و دەرەوەى شار بەشێوەیەکى یەکسان بگەێنین بە هەموو شوێنێک بەتایبەتى گەڕەکە هەژار نشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزاریى و ئاوادانیان پێگەیشتووە".
جێگەى باسە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بودجەى سەربار و لە سەرداهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بودجەى تایبەت بۆ پڕۆژەکان، ژمارەیەکى زۆر پڕۆژەى خزمەتگوزاریى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامداراوەکە بەشێکیان لە جێبەجیکردندان.