ریاز: پارێزگاری هەولێر سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق
ریاز: پارێزگاری هەولێر سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق
ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو شاندی یاوەری سەردانی باڵیۆزخانەی عێراقیان کرد لە ریازی پایتەختی سعودیا کردو لەلایەن سەفیە تاڵب ئەلسوهێل باڵیۆزی عێراق لەو وڵاتە و ستافی باڵیۆزخانە بەگەرمی پێشوازی کران.
لە دیدارەکەدا پارێزگاری هەولێر سوپاسی خاتوو سەفیە ئەلسوهیلی کرد بۆ رەخساندنی ئەو دیدارەو دەستخۆشی لە هەوڵ کۆششەکانی کرد، کە وەك باڵیۆز رۆڵی کارای خۆی دەبینێ و هۆکارێكی کاریگەر بووە بۆ ئاسانکاری رایی کردنی کاروباری ئەو هاوڵاتیانەی روو لەو وڵاتە دەکەن بەتایبەت راپەڕاندنی کاروباری حاجیانی ماڵی خودا. هەروەها تاکیدی لەسەر بیرۆکەی سەردانەکەیان و ئامانج مەبەستەکانی کۆبوونەوەو دیدارەکانیانی لەگەڵ وەزارەتی وەبەرهێنان و سەندوقی سعودی بۆ گەشەپێدان و کۆمپانیاکان روون کردەوە…
لەلایەن خۆیەوە سەفیە تالب ئەلسوهیل خۆشحاڵی بە دیداری شاندی پارێزگای هەولێر دەربڕی و کارەکانی پارێزگاری هەولێری بەبەرزی نرخاندو جەختی کردەوە کە باڵیۆزخانە دەرگای کراوەیە بە رووی هەموو هاوڵاتیان، هاوکات مەبەست و ناوەرۆکی سەردانەکەی شاندی هەولێری بۆ سعودیاو دیدارو کۆبوونەوەکانیانی لەگەڵ وەزارەتی وەبەرهێنانی سعودی و کۆمپانیاکان بە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر وەسفکردو دووپاتی کردەوە کە ئەوانیش فاکتەرێك دەبن بۆ سەرخستنی ئەو ئەجیندایەی خزمەت بە هەموو لایەك دەکات…
هەر لەو چوار چێوەیەدا باڵیۆزی عێراق لە سعودیا پێشنیازی کرد کە بە پەسەندی دەزانێ نوێنەری هەرێمی کوردستان بۆ هاوبەشی کردن لە هێڵی پەیوەندی دبڵۆماسی عێراق و سعودیا دیاری بکرێ، چونکە ئەوە مافێکی رەوایەو بۆ ئەو مەبەستەش نوسراوێکی داواکاری بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق بەرز دەکاتەوە…
لە کۆتایشدا پارێزگاری هەولێر سوپاسگوزاری خۆی بۆ باڵیۆزی عێراق دووپاتکردەوە و سیاسەتی دادپەروەری کاری ناوبراوی بەبەرزی هەڵسەنگاند…