پارێزگاری هەولێر: پەیوەندی فەرەنساو هەرێمی کوردستان پڕ لە شانازی و مێژووییە
كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا: ئەگەر فەرەنسا شانازی بە بورجی ئیڤڵ بکات، ئەوە هەولێر هەقی خۆیەتی شانازی بە منارەوە بکات
ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە 17-7-2023 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی، كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد کە بەمەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و ماڵئاوایی سەردانی پارێزگاری هەولێری کردبوو …
لەو دیدارەدا سەرەتا کۆنسولی فەرەنسا سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو ئاسانکاریانەی بۆیانی فەراهەم کردبوو، گوتیشی مایەی شانازیە لە ماوەی مانەوەمدا لە هەولێر تاڵی و شیرنییەکان هەموویان بە خۆشەویستی گەلی کوردستان شکایەوەو هەرگیز ئەو مێژووە لە بیر ناکەم کە لە ماوەی کارکردنم لە هەولێر یاداشتم کردوون….
لە لایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر مێژووی پڕ لە دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و فەرەنسای دووپاتکردەوە، ….
هەروەها ستایشی کارو چاڵاکی و هاوکارییەکانی كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسای كرد کە لەماوەی كاركردنیانداو بەتایبەت لە بوارە کەلتووریەکاندا شوێن پەنجەو مۆرکی تایبەتی خۆی بەجێهێشتووەو ناوبراوی بە دۆستێكی نزیك و باشی گەلی كوردستان وەسفكرد…
پارێزگاری هەولێر هیوای سەرکەوتنی لەکاری نوێ بۆ خواست و جەختی کردەوە کە ئەو کەسەی دێتە جێگەی ئەویش بەهەمان هەناسە هاوکارو هەماهەنگ دەبین چونکە نوێنەرایەتی وڵاتێکی دۆستی وەك فەرەنسا دەکات.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا پارێزگاری هەولێر دیاری تایبەتی منارەی هەولێری وەك یادگاری پێشکەشی کونسلی فەرەنسا کرد …