بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر.. کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ ئەنجامدرا
بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر..
کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ ئەنجامدرا
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.9.19، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و چارەسەرییەکانى كێشە و گرفتەکانى ئاو لە هاویندا ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرانى ئاودێرى، ناوەندى قەیرانەکان، بەرگرى شارستانى، ئاوى هەولێر و دەروبەر، مولیدە ئەهلییەکان، ئامادەیى بوون، پارێزگارى هەولێر لە بارەى پڕۆژەکان و داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و ڕێگا چارەسەریانەی کە لەم ساڵ و لە ماوەی ساڵانى ڕابردوودا لە سنووری پارێزگاى هەولێر بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتى کەم ئاوى و چارەسەرى هۆکارەکانى ئەنجامدراوە، دەستخۆشى لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ و ئامادەكارییەكانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و گرفتێک، سەرجەم فەرمانگەكانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاریی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە، بۆ ئەومەبەستەش بڕیارى لە بارەى دابینكردنی بودجەیەكی پێویست و دووبارە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوى سروشتى ئاوى باران و دروستكردنی تیمی فریاگوزاریی دا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى ئەوەى جارێکى تر دەستخۆشی لە تیمەکان کرد، سوپاسی هاوڵاتییان و هاوشاریانى پارێزگاى هەولێرى کرد، کە هاوکار و هەماهەنگی تیمەکانى حکومەت بوونە و هەموو ئەو پڕۆژە و کارانەى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لە وەرزى باران بارین لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى و چارەسەرکردنى گرفتى کەم ئاوى شارى هەولێر ئەنجامدراون بەرزنرخاند.