"جەخت لە خزمەتکردن و ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان کرایەوە"


"جەخت لە خزمەتکردن و ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان کرایەوە"

ئێوارەی ئه‌مڕۆ سێشەممە 2024.9.24، بە سەرپەرشتى د.پشتیوان سادق، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى پارتى لە هەولێر و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، سەبارەت بە گەیاندنی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتییان و دەستنیشانکردنى پێداویستی و چارەسەرى کێشە و کەم و کوڕییەکان، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى لقەکانى 23ى قەرەچووغ و 24ى سەفینى پارتى و جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى بەرپرسى مەکتەب و ژمارەیەک لە قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییەکان، کۆبونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایەسەر کارى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومەت و خزمەتکردن و ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕاییکردنى مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەى ڕۆتین لە دام و دەزگاکان، هەروەها جەخت لەوەکرایەوە لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان ئاسانکاری کارگێڕی پێشکەش بە هاوڵاتییان بکرێت بۆ جێبەجێکردنى کاروبارەکانیان.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندنى پڕۆژەى خزمەتگوزارییەکان بە سەرجەم ئەو شوێن و جێگایانە کرا، کە پێویستیان به‌ ئاوڕ لێدانه‌وه‌ى زیاتر هه‌یه‌، هەروەها باس لە سەرجەم ئەو پڕۆژە و کارە خزمەتگوزارییانە کرا کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو و ئەمساڵ بە پاڵپشتى ڕاستەوخۆى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سنووری پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون.