ڕاگەیندراوێک لە پارێزگاری هەولێرەوە
ڕاگەیندراوێک لە پارێزگاری هەولێرەوە
به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان، کە بڕیارە لە کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەو دەستپێبکات، داواکارین لە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و بەربژێران لە سنووری پارێزگای هەولێر، له پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌کە به شێوازێكى شارستانی و بەڕەچاوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان، ڕێزگرتن له پيرۆزییەکان و هێما و سيمبۆلى كوردستان و دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، بەشێوەیەکی ئاشتیانە و پاراستنی دیموکراتی و یەکتر قەبوڵکردن، بە پابه‌ندبوون بە بڕیار و ڕێنمايييه‌كانى لیژنەی ئەمنی پارێزگا و یاساکانی كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان پرۆسەی بانگەشەی هەلبژاردن بەڕێوەببەن.
هەموو لایەک دڵنییا دەکەینەوە، بە فەراهەمکردنی ئازادی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و کاندیدان بەبێ جیاوازی لە سنووری پارێزگاکەمان و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، سەرجەم دام و دەزگا و لایەنە ئەمنییەكانی سنووری پارێزگاکەمان ڕاسپاردووە پارێزگاری بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بن، بە ئومێدی ئەوەی ئەو ڕۆژانەی دیاریکراوە بۆ بانگەشە، بە شێوەیەکی ئارام و لە سەرخۆ و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوەبچێت.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2024.9.24