پارێزگارى هەولێر، سەردانى قائیمقامیەتى قەزایی هەریرى کرد
ئەمڕۆ شەممە 2024.9.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، سەردانى قائیمقامیەتى قەزایی هەریرى کرد و لە لایەن شێروان جەلال، قائیمقامى قەزاکە و بەرپرسانى دیکەى ناوچەکە پێشوازى لێکرا
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە هەریەک لە مەسعود کارەش جێگرى پارێزگار و مەریوان هادى، بەڕێوبەرى گشتیی شارەوانییەکان ئامادەى بوون، دواى ئەوەى بەشێک لە خواست و داواکاری و داخوازیی هاوڵاتییان خرایە ڕوو، باس لە ڕەوشی دەڤەرەکە بە گشتیی و بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکان کرا و تیشک خرایە سەر کەم و کوڕی و پێداویستیەکانى سنوورى قەزاکە و جەخت لە سەر ئەرک و جێبەجێکردنی فەرمان و ڕێنماییەکان بۆ چارەسەرکردنییان کرایەوە.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشى لە قائیمقام و بەرپرسانى فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە خزمەتکردنى هاوڵاتییان، ڕایگەیاند: "دەمانەوێت بۆ خواست و داواکاری و داخوازییەکانی هاوڵاتییان چی لە توانادا هەیە بەوپەڕی رێزگرتن و وەک ئەرکێکی سەرشانتان بۆیان ڕایبکەن، ئامانجی ئێمە لە پارێزگای هەولێر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە لە سنووری پارێزگەکەمانە بەشێوەیەکی یەکسان و بەبێ جیاوازی لە سەرجەم قەزا و ناحیەکان".