پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى وڵاتی پۆلەندا و شاندێکى یاوەرى کرد

پارێزگارى هەولێر، پێشوازیى لە سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى وڵاتی پۆلەندا و شاندێکى یاوەرى کرد


ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.10.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هێمن سەید موراد، بەرێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیى لە کرستیۆفەر لوکاس، سەرۆکى ڕێکخراوى داهێنەرانى کشتوکاڵى پۆلەندى و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى ئەرک و کارەکانى ڕێکخراوى نابراو کرا، هەروەها تیشک خرایەسەر کردنەوەى لقى ڕیکخراوى ناوبراو لە هەولێر بە ئامانجى پێشخستنى زیاترى پەیوەندییە بازرگانییەکان و کەرتى کشتوکاڵی، پاشان ئاماژەى بە سازکردنى کۆنفرانسێکى کشتوکاڵى درا کە بڕیارە لەم نزیکانە لە هەولێر پایتەخت ڕێکبخرێت.
بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر، وێڕاى نیشاندانى هەموو ئاسانکارى و هاوکارییەک بۆ کردنەوەى لقى ڕێکخراوى ناوبراو لە هەولێر، بە فەرمیش بانگهێشتى پارێزگارى شارى ئوچى وڵاتى پۆڵەندا و وەزیرى کشتوکاڵى وڵاتەکەی کرد بۆ سەردانیکردنى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و بەشداریان لە کۆنفرانسى ناوبراو.
لەلایەن خۆیانەوە، شاندى میوان سوپاسى پارێزگارى هەولێریانکرد بۆ هەموو پشتیوانى و پاڵپشتییەک لە ڕێکخراوەکەیان و بانگھێشتکردنى پارێزگارى شارى ئوچ و وەزیرى کشتوکاڵى وڵاتەکەیان بۆ هەولێرى پایتەخت و هاریکاریکردن و پیشکەشکردنى ئاسانکارى بەڕێزیشیان بۆ کردنەوەى لقى ڕێکخراوەکەیان بەرزنرخاند.