دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕی قەیسەری، سوپاسى سەرۆکى حکومەت و پارێزگارى هەولێر دەکەن

دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕی قەیسەری، سوپاسى سەرۆکى حکومەت و پارێزگارى هەولێر دەکەن

ئەمرۆ یەکشەممە 2024.10.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیکرد لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى بازاڕى قەیسەرى و بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕەکە، کە بەمەبەستى گەیاندنى سوپاس و پێزانینى کاسبکار و دوکاندارانى بازاڕەکە لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانیان لە کاتى لێقەوماندا سەردانى پارێزگایان کردبوو.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى بازاڕ بە ناوى سەرجەم دوکاندارانى بازاڕى قەیسەرى سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێریان کرد، کە بەڵێنەکەى خۆیان لە هاریکارى و پشتیوانى و یارمەتیدانى کاسبکاران و نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە گەیاندە سەر و بە هەوڵ و پاڵپشتى ئەوان توانرا بە ماوەیەکى کەم کارەکانى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بگاتە قۆناغێکى باش و ئێستاش لە کۆتایی کارەکاندایە.
پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهێناینان، دووپاتیکردەوە لەو کارەساتەى بەسەر بازاڕى قەیسەرى داهات، وەک حکومەت و پارێزگاى هەولێر، لە ئێوە زیاتر دڵگران و خەمباربووین، جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەموولایەک زیاتر پەرۆش بوو بۆ ئاشكراكردنی بكه‌رانی تاوانى سوتاندنى بازاڕەکە و هاوكاریکردن و پشتیوانیکردنتان، چونکە هەولێر واتا (قەڵا، منارە و بازاڕی قەیسەری) حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر گرنگییەکی زۆر بەو سێ شوێنە دەدات، ئەو شوێنانە ناسنامەی شارەکەمانە.
گوتیشى، "پڕۆسەى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى قەیسەرى زۆر بەباشى کارى تێدا دەکرێت، هیوادارین لە زووترین کاتدا کارەکان بە کۆتا بێت و قەیسەرى بگەڕێتەوە سەر دوخی جارانی و ئێوەش بگەڕێنەوە سەر کار و کەسابەتى خۆتان، ئەوەى کراوە لە هاریکارى و پاڵپشتى و یارمەتیدانى ئێوە بە ئەرکى خۆمان زانیووە".
جێگەى باسە، دواى ئەوەى لە شەوی 2024.5.5، تیرۆرست و ناحەزانى ئاوەدانى و ئارامى هەولێرى پایتەخت، بۆ شێواندنى ئابوورى و بازاڕى شارى هه‌ولێر ئاگرێکی گەورەیان لە بازاڕی قەیسەر بەردا، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیارى هاوکاریکردن و یارمەتیدانى دواکاندارانى بازاڕەکە درا، وێڕاى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بە گۆژمەى ( 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، لە 2024.9.8، دەست بە دابه‌شكردنی هاوكاری سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرا بەسەر زیانلێکەوتوانى بازاڕەکە کە لە نێوان ( 2 تاکو 20 ملیۆن دینار ) بوو، ئەوە جگە لە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ماوەی یەك ساڵ لە پارەی ئاو و كارەبا و تابلۆ و خاشاك، هەروەها بەخشینیان لە باجی 2023 بە رێژەی 50% و لە باجی 2024 یش بە رێژەی 100% و لێخۆشبوونى یەک ساڵ لە کرێى ساڵانەى ئەو دۆکاندارانەى کە کرێچى حکومەتن.