لە هەولێر.. ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید عەقید هاوکار جاف کرایەوە
لە هەولێر..
ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید عەقید هاوکار جاف کرایەوە
دواى نیوەڕۆى ئەمرۆ دووشەممە 2024.10.7، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ژماریەکى دیکە لە بەرپرسان و کەس و کار و خانەوادەکەى و دۆست و هەڤاڵانى، لە ڕێورەسمێکدا ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە باغى شار لە سەنتەری شاری هەولێر کرایەوە.
جێگەى باسە، رۆژی 2022.10.7، لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە لایەن گرووپێکی تیرۆرستەوە لە نێو شاری هەولێر، ئۆتۆمبێلەكەی عەقید هاوكار جاف تەقێندرایەوە، خۆى شەهید کرا و هاوسەر و دوو منداڵەکەی و خوشکێکیشی بریندار بوون، دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان توانی بەشێكی زۆر لە تۆمەتبارانی كردەوە تیرۆریستییەكە دەستگیر بكات و ڕۆژی 12ی هەمان مانگ، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە بەڵگەی ڤیدیۆییەوە وردەكاریی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئاشكرا كرد و دان پێدانانی تۆمەتبارانى کردە تیرۆرستیەکەی بڵاو كردەوە، بەڵام پاش دوو ساڵ لە ئاشکراکردنی تۆمەتبارانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، هێشتا بەشێک لە تۆمەتباران لە بەردەم یاسادا ئامادە نەبوونە.