قوشتەپە .. دانانى بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى ( 50 ) قەرەوێڵەیی داندرا

قوشتەپە .. دانانى بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى ( 50 ) قەرەوێڵەیی داندرا

قوشتەپە ..
دانانى بەردى بناغەى نەخۆشخانەیەکى ( 50 ) قەرەوێڵەیی داندرا

ئەمڕۆ شەممە 2024.10.19، د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، د.محمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د. عەبدولحەکیم خەسۆ، سەرۆکی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگی و د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بژار مەلا خدر، قائیمقامى قەزایی قوشتەپە و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕیوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و مامۆستایانی ئاینی و بەرپرسانی دیکەی ئیداری قەزاکە، لە سەنتەری قەزایی قوشتەپە، لە ڕێورەسمێکدا بەردى بناغەى پڕۆژەى دروستکردنى نەخۆشخانەیەکى ( 50 قەرەوێڵەیی)یان دانا، کە وەک کارێکی خێرخوازی، دەست بەدروستکردنی دەکرێت.

لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر لەوتارێک وێڕایی پیرۆزبایی لە دانیشتوانی قەزاکە، سوپاسی خێرخواز د.عوسمانی نانەکەلی کرد بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە و ڕایگەیاند: " لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بە قەزابوونی قوشتەپە، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەرجەم سێکتەرەکان ئەنجامدراوە، قەزای قوشتەپە لە ڕووى ژمارەى دانیشتووانەوە و لەڕووى جوگرافیەوە ئەو شوێنە گرنگەیە کە لەبەرنامە و پلانەکانمان بەبەردەوامى گرنگى پێ دراوە و پێ دەدرێت".

گوتیشی، "خۆشحاڵین ئەمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ لە سنوورى قەزایی قوشتەپە دادەنێین، كە پرۆژەی نەخۆشخانەیەکی گشتییە و بە ئاست و كوالێتییەكی پێشكەوتوو دروست دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیيانی خۆشەویستی سنوورەکە".

جەختیشى لەوەکردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانای خۆی لە پێناو باشتركردنی دۆخی تەندروستی و بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی هاووڵاتیيان بكرێت، هیواشی خواست ئەو پڕۆژانەی کەماون لەکابینەی داهاتوودا جێبەجێ بکرێن".