قوشتەپە .... دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەی گەڕەکێکی نوێ بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت
قوشتەپە ....
دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەی گەڕەکێکی نوێ بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت
لە چوارچێوەى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ئەمرۆ شەممە 2024.10.19، بە ئامادەبوونى ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و د.محمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د. عەبدولحەکیم خەسۆ، سەرۆکی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگی و د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و بژار مەلا خدر، قائیمقامى قەزایی قوشتەپە و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕیوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و مامۆستایانی ئاینی و بەرپرسانی دیکەی ئیداری قەزاکە، لە سەنتەری قەزایی قوشتەپە، لەرێورەسمیێکدا، بەردى بناغەى پڕۆژەی BCF CITY کە پێکدێت لە 180 خانوو و بە قۆناغ دابەشدەکرێت بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دانرا.
پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، تیشکى خستە سەر گرنگى ئەنجامدانى پڕۆژەکە و ڕایگەیاند: ئەمرۆ دڵخۆشین بەوەى لە سنوورى قەزایی قوشتەپە، ژمارەیەک لە پڕۆژەی خزمەتگوزارییەکان بەسەر دەکرێنەوە، کە بەشێکیان دەست پێدەکات و بەشیکى تریان لە جێبەجێکردندا
گوتیشى: "بەرمەبنای دیدگاى و تێڕوانینى ڕیزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سەنتەر بوونی هاوڵاتییان و خزمەتکردنییان، دوای بە قەزابوونی قوشتەپە، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگ لەو دەڤەرە ئەنجامدراون، چ ئەوانەی حکومەت، چ ئەوانەى لەسەر ئەرکى خێرخوازان جێبەجێکراون، ئەوڕۆش دانانی بەردی بناغەی ئەوگەڕەکە تازەییە کە بە سوپاسەوە بە سەرپەرشتی دەزگای خێرخوازی بارزانی جێبەجێدەکرێت و کارەکانی دیکەی مرۆیی ئەو دەزگایەش ماییە پێزانییە".
لەبارەى پڕۆژەکە و چارەسەری گرفتی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری گرفتی نیشتەجێبوون جێگەی بایەخ بووە و بەردەوام هەوڵی بۆ دراوە، بۆ ئەومەبەستەش لە سنووری شاری هەولێر دوو شوێنی گرنگ دەستنیشانکراوە بۆ نیشتەجێبوون کە تێیدا هاوڵاتییان سوودمەند دەبن لێیی، یەکێکی دیکەش لەچەندڕۆژى ڕابردوو پێشکەش کردنی 540 شوققەیەی نیشتەجێبوون بە خانەوادەی سەربەرزى شەهیدانی شەڕی داعش، ئەوەجگە لە دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی وەک قۆناغى یەکەم بەسەر فەرمانبەران و ڕێگەپێدانی زەوی سندوقی و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی خانوو لە حەرەمی گوند، هەموو ئەوانەش بە ئامانجی چارەسەرکردنی گرفتی نیشتە جێ بوونە، خۆشبەختانە سەرباری هەموو ئەو قەیران و گرفت و لەمپەر و فشارە سیاسیانەی کە لە بەردەم حکومەتى هەرێمى کوردستان دروستکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەردەوام بوو لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و دەستی ئاوەدانی لەسنووری پارێزگاى هەولێر و سەرتاسەری هەرێمی کوردستان".
جێگهى باسه، پڕۆژەی BCF CITY کە پێکدێت لە 180 خانوو و بە قۆناغ بەسەر خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت دابەشدەکرێت، پڕۆژەیەکى هاوبەشە لە نێوان قایمقامیەتى قەزایی قوشتەپە و دەزگای خێرخوازی بارزانی و ساڵانە لە سەر ئەرکی خاوەن کارەکانی قەزاکە ( 30 خانوو ) دروست دەکرێت لەو گەرەکە نوێیە.