شەمامک .... بە گوژمەى ( 660 ملیۆن دینار ) بەردى بناغەى پڕۆژەى قیڕتاوکردنى گەڕەکى ئازادى دانرا
شەمامک ....
بە گوژمەى ( 660 ملیۆن دینار ) بەردى بناغەى پڕۆژەى قیڕتاوکردنى گەڕەکى ئازادى دانرا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2024.10.23، لە بەردەوامى گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەری سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی23ـی قەرەچووغی پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا بە گوژمەی ( 660 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەى پارێزگا، بەردى بناغەى پڕۆژەى قیڕتاوکردنی گەڕەکی ئازادى لە ناحییەى شەمامک دانا، کە بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە کاروان عارف، بەڕێوەبەری ناحییەی شەمامک و هێمن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شارەوانی ناحییەکە و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە و هاوڵاتییانی ناوچەکە ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە، تیشکى خستە سەر ئەوەى لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لە نێوان شار و دەرەوەى شار جێبەجێ دەکرێن.
ئاماژەشى بەوەدا بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست، توانیومان ڕێژەیەکى زۆر پڕۆژە خزمەتگوزاریی ئەنجامبدەین، لە بەرنامەشماندایە زۆرترین پڕۆژەى خزمەتگوزاریی بگەێنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییەکان و ئەو شوێن و جێگا و گەڕەکانەى پێویستیان بەئاوڕلێدانەوەى زیاترە.
جێگەى باسە، پڕۆژەى قیڕتاوکردنی گەڕەکى ئازادى لە ناحییەى شەماک پێکهاتووە لە ( بڕین و پڕکردنەوە و تێکەڵە ڕێژکردن و ڕاخستنی بەردی شکاو و قیرتاوکردنى بەشێک لە گەڕەکەکە بەبڕی (41 هەزار مەتر دووجا).