کونسڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد
کونسڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.11.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، سەرکونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا، کە هێمن قادر، جێگرى پارێزگار و شاکر حسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران و مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و جەوهەر مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئامادەى بوو، کونسڵى ئێران لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، مەبەست لە سەردانەکەی ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بە کارەکانی وەکو کونسڵی وڵاتەکەى لە هەولێر و لەشوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵێکی تازەى دەستنیشانکردووە و لەمنزیکانە دەست بەکاردەبێت، "نەسڕوڵڵا ڕەشنودی" سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێرشی کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە لە ماوەی ساڵانى ڕابردووى کارکردنیدا پێشکەشیان کردووە.
لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵى بەرێزیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگاى هەولێر و ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانى لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین بەرز نرخاند و وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێزیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە کارى داهاتووى، ئومێدیشى خواست لە داهاتوودا لەگەڵ کونسڵى نوێى وڵاتەکەیان هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیان هەبێت لە پێناو تۆکمەترکردنى ئهو دۆستایەتیە و گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران.
لە کۆتایدا سەرکونسڵی گشتیى کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، دووبارە سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هاوکارى و ئاسانکارییانەى کە لە ماوەى کارکردنى لە هەولێرى پایتەخت لە ڕایککردنى کارەکانى کونسڵخانە پێشکەشیان کراوە.