هەولێر ... لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر، پیشانگایەک بۆ بەرهەمی هەنگاوانان کرایەوە
هەولێر ...
لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر، پیشانگایەک بۆ بەرهەمی هەنگاوانان کرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.11.7، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن موراد، بەریوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسان و جوتیاران، بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە ئامانجی پشتگیرکردنی بەرهەمی ناوخۆی و ڕەخساندنی دەرفەتی بە بازاڕکردنی هەنگوینی هەنگاوانان و بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەردەم پارکى شانەدەر و لە ژێرناونیشانى ( هەنگوینى کوردستان ) پیشانگایەکى تایبەتى بۆ بەرهەمی نزیکەى 100 هەنگاوانى شارەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە.
دواى کردنەوەى پیشانگاکە و بەسەر کردنەوەى بەشەکانى کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر و سەرپەرشتیارانى پیشانگاکە، هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ بەشداربووانى پیشانگاکە خواست.
ئاماژەى بەوەشدا، کردنەوەى ئەو جۆرە پیشانگایانە هەنگاوێکى ترى گرنگی و بایەخی زۆرى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە سەرۆکایەتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، بە بووژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی ناوخۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پشتگیریکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی و بەرهەمی جووتیاران، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز.