كۆڕنیش دەكرێت بە شوێنێكی گەشتیاری و ژینگەیی گرنگی شاری هەولێر
كۆڕنیش دەكرێت بە شوێنێكی گەشتیاری و ژینگەیی گرنگی شاری هەولێر
ئەمڕۆ پێجشەممە 2025.9.25، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەكان و بەڕێوەبەرانی نووسینگەی پارێزگار ، ئاودێری ، ئاوەڕۆ ، قەیرانەكان ، پەیوەندیەكان ، لە دیوانی پارێزگا، بەمەبەستی ڕێکخستنەوە و جوانترکردنی سیمایی شار و بونیاتنانی ژێرخانی گەشتیاری و ئابووری و هێنانەوەی سروشتە بۆ ناو شار و گەشاوەتركردنی و پارێزگاریكردن لە ژینگە و خزمەتكردنی زیاتر هاوڵاتییان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ كۆمپانیای "كەی وەن" و چەند ئەندازیارێكی تری وڵاتی ئیتاڵیا ، سەبارەت بە پڕۆژەی دیزاینکردن و پەرەپێدانی کەناڵی کۆڕنیشی هەولێر و پڕ ئاوكردنی وەك پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری و ژینگەیی ئەنجامدرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد، بۆ هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر سەرباری قۆناغی سەختی دارایی ئەنجامدراون و توانراوە بە هۆیانەوە ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زۆر بگات بە شاری هەولێر و هاوڵاتییان، پاشان تیشکی خستەسەر پلان و بەرنامە و ئامانجی حكومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر بۆ ئەوی لە داهاتووەكی نزیكدا كۆڕنیش بكرێت بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری و ژینگەیی سەرنجڕاكێش و لە زێی گەورەوە ئاوی بۆ ڕابكێشرێت و لە ڕێگەی دروستكردنی سێ دەریاچە و چەند پۆندێكەوە دوای ئاو كۆكردنەوە تێیاندا، بە بەردەوامی ئاو بگەیێنرێت بە كۆڕنیش.
هاوكات جەختی لەوە كردەوە، پێویستە پڕۆژەكە بە شێوەیەك بێت، لە ڕووی ژینگەیی و گەشتیارییەوە سوودی زۆر بە ناوچەكە و دانیشتووانی شاری هەولێر بگەێنێت و سروشت بگەڕێتەوە بۆ ناوشار و سیمایەكی جوان بە پایتەختی هەرێمی كوردستان بدات، بۆ دەستپێك و جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش وەك قۆناغی یەكەم لە شەقامی ( هەولێر- شەقڵاوە ) تاكو شەقامی ( هەولێر- مەخموور )، لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری و ئەندامیەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دیزاینكردن و دیراسەكردنی وردی تێچوو و پێویستیەكانی ڕاسپارد و گوتیشی، " ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ سەنتەری شاری هەولێر و بە ئەنجامدانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە". لەوبارەیەشەوە تەواوی هاریكاری و پاڵپشتی خۆی دووپاتكردەوە.
پاشان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێرەوە، لە سەر پڕۆژەكە بەگشتیی و بەتایەتی ئەو بەشەی كە دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و بە تەنیشت هەریەك لە گەڕەكەكانی 5ـی حەسارۆك و گەلاوێژ و فەرمانبەران و چەند گەڕەكێكی دیكەدا دادەڕوات، پرزنتیشنێكی تایبەت پێشكەشكرا و لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە و ڕاو سەرنج و تێبینی پێویست خرایەڕوو.
جێگەی باسە، كۆڕنیشی هەولێر، كە ڕێڕەوێكی ئاوییە لەساڵی 1972 بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو دروستكراوە، زیاتر لە وەرزی زستان ئاوی تێدا كۆدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی ئاوەكە و تێكەڵبوونی بە ئاوەڕۆی بەشێك لە گەڕەكەكان و پاشماوەی ماڵان و خۆڵ خاشاك، بۆنێكی ناخۆش دروست دەبێت و بووەتە هۆی بێزاریی خەڵك، لە ئێستادا پلانی پارێزگای هەولێر ئەوەیە دیمەنەكە پێچەوانە بكاتەوە و بیكات بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری.