پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە قۆناغی کۆتایدایە
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر لە قۆناغی کۆتایدایە
دوای تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، لە ئێستادا قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر، لە %95ـی کارەکانی تەواو بووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێتەوە.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم، کە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن کۆمپانیای "هێمن گرووپ" بە کوالێتیەکی بەرز دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە و بە تەواوبوونی کێشەی کەمئاوی تا 30 ساڵی دیکە لە هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکات.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ڕۆژێكدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر سەعاتێك 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەنێرێت. پڕۆژەكە بە چوار هێڵی سەرەكی لە نێوان گەڕەكەكانی نێوان شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێت؛ كە گەڕەكەكانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەكان و هەریەك لە گەڕەكەكانی دارەتوو، بنەسڵاوە، كەسنەزان، پیرزین، شاوێس، بەحركە، عەنكاوە و سێبیران لێی سوودمەند دەبن.
پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پڕۆژەكە لە زێی گەورە دەست پێ دەكات و پاككردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەكە و فلتەركردن و كلۆركردنی ئاوەكە، بە ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و عێراقی جێبەجێ دەكرێت.
لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، 200 كیلۆمەتر بۆڕیی سپایرۆڵ بەكار دێت، 280 كیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملم و 220 ملم و 250 ملم بۆ بەستنەوەی پڕۆژەكە بە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بەكار دێت. ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بۆ گەڕەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.
جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەكات، دەبێتە هۆی داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.