قیرتاوكردنی سایدی دووەمی دووسایدی ( هەولێر- گۆمەسپان ) دەستی پێ كرد
قیرتاوكردنی سایدی دووەمی دووسایدی ( هەولێر- گۆمەسپان ) دەستی پێ كرد
كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی ( هەولێر- گۆمەسپان ) كە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی ( گۆمەسپان- سماقووڵی ) لەلایەن كۆمپانیایی هێمن گرووپ دەست بەجێبەجێكردنی كراوە بە چڕی بەردەوامە، رێگەی هاتن ماوەی دوو هەفتەیە تەواو بووە، ئێستە دوای كاركردنێكی زۆر، قیرتاوكردن لە سایدی چوونیش دەستی پێ كردووە.
ئەوپڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە. لە ئێستادا كاركردنەكە بە دوو ئاراستەیە، ئاراستەیەك بۆ هەولێر و ئاراستەیەكیش بۆ گۆمەسپان بەردەوامە، ئامانج ئەوەیە بەخێرایی بەبێ وەستان رێگەكە تەواو بكرێت و دەست بكرێت بە كارە تەكنیكی و ئەندازەییەكان.
درێژیی شەقامەكە 15 كیلۆمەترە و پانی هەر سایدێك 10 مەتر و 75 سانتیمەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەكی و ڕێڕەوێكی فریاگوزاریی دەبێت، كە لە كۆتایی شەقامی كەسنەزان دەست پێ دەكات و لە دەربەندی گۆمەسپان كۆتایی دێت. 4 پرد و 1 ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت، هەروەها لەو پڕۆژەیەدا 2000 كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن كە 99%ی پشتی بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستووە. بڕیارە لە كۆتایی ساڵی 2026 تەواو بكرێت.