هەولێر.... لە سەنتەری شار "کەمپەینی گوێگرتن لە خەڵک" بەڕێوەچوو

هەولێر.... لە سەنتەری شار

هەولێر....
لە سەنتەری شار "کەمپەینی گوێگرتن لە خەڵک" بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.15، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی٢ی پارتی و بەرپرسانی دیکەی ئیداری و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و ئەمنیەکانی شاری هەولێر، لە پارکی شار، "کەمپەینی گوێگرتن لە خەڵک" کە لەلایەن لقی2ـی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە تایبەت بە گوێگرتن لە خواست و داواكاری و چارەسەری کێشە و گرفتی دوکاندار و کاسبکارانی نێو بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر ڕێکخرابوو بەڕێوەچوو.

لە كەمپینەكەدا، دوای گوێگرتن لە خواست و داواکاری کاسبکار و دوكاندارانی بازاڕ و وەرگرتنی ڕا و سەرنج و تێبینیەکانیان، لە پێناو باشترکرنی خزمەتگوزارییەکان و پێشکەشکردنی ئاسانکاری و فەرهەمکردنی ژینگەیەکی لە بار بۆ کار و کەسابەتیان، پارێزگاری هەولێر بەڵێنی پێدان بەپێی ئیمکانیاتی بەردەست داوکارییەكانیان جێبەجێ دەکرێت، هەروەها دڵنیایی کردنەوە ئەوەی لە توانای پارێزگای هەولێر و فەرمانگەکانی تری خزمەتگوزاریی شارەکەمان دابێت بۆ خزمەتکردنی کار و کەسابەتی کاسبکاران درێغی لێناکرێت و جێبەجێدەکرێت و چارەسەری هەموو كێشە و گرفتەكانیان دەكرێت.

داواشی لە کاسبکاران و دوكانداران كرد لەگەڵ جێبەجێبوونی داواکارییەکانیان پێویستە هەموو لایەکیش هاوکار و هەماهەنگبن بۆ پاکڕاگرتنی شارەکەمان و ڕیکخستنی بازاڕ و شوێنی و ژینگەی کارەكانیان.

لە كۆتایدا، دوكاندار و كاسبكاران زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی2ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان كرد بۆ بە دەنگەوە هاتنیان و گوێگرتن لە خواست و داواکانیان و چارەسەرکردنی پێداویستی و کەم و کوڕیەکانیان.