پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی دووسایدی ( كەسنەزان - گۆمەسپان )ی بەسەركردەوە

پارێزگاری هەولێر،  پڕۆژەی دووسایدی ( كەسنەزان - گۆمەسپان )ی بەسەركردەوە

پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی دووسایدی ( كەسنەزان - گۆمەسپان )ی بەسەركردەوە

ئەمڕۆ شەممە 2025.10.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، بەیاوەری مەسعود كاڕەش، جێگری پارێزگار و هونەر نوری، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی هەولێر و سائیب ھاڕوون، بەرێوەبەری ناحیەی کەسنەزان و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، پڕۆژەى دووسایدی ( كەسنەزان - گۆمەسپان )ی بەسەرکردەوە، کە بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بە دەستى کرێکارى خۆماڵى لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ دەست بەكارەكانی كراوە و لە ئێستادا 70%ی كارەكانی تەواو بووە و سایدێكی بەڕووی شۆفێران و هاوڵاتییان كراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەی دیاریكراوی خۆی زووتر تەواوبكرێت.

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی لە نزیکەوە پڕۆژەكەی بەسەرکردەوە، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکاران و کۆمپانیایی جێبەجێكار کرد، بۆ ئەنجامدانی كارەكانی ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژی شاری هەولێر ، كە بە تەواوبوونی جگە لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان، لە ڕووی گەشتیاری و بازرگانیشەوە و پەرەپێدانی ئابووری سوودی زۆری دەبێت بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

جێگەی باسە، دووسایدی ( کەسنەزان- گۆمەسپان ) کە پڕۆژەیەکى ستراتیژى و گرنگى سنوورى پارێزگاى هەولێره، هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەى دووسایدی ( گۆمەسپان - سماقووڵی ) لەلایەن کۆمپانیای هێمن گرووپ کارى تێدا دەکرێت، لە ئێستادا 70%ی كارەكانی تەواو بووە و سایدێكی بەڕووی شۆفێران و هاوڵاتییان كراوەتەوە و بڕیارە لە ماوەی دیاریكراوی خۆی زووتر تەواوبكرێت. درێژیی شەقامەكە 15 كیلۆمەترە و پانی هەر سایدێك 10 مەتر و 75 سانتیمەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەكی و ڕێڕەوێكی فریاگوزاریی دەبێت، كە لە كۆتایی شەقامی كەسنەزان دەست پێ دەكات و لە دەربەندی گۆمەسپان كۆتایی دێت. پڕۆژەکە لە 4 پرد و 1 ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت.