پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی دانانی سەرەبلۆک و کردنەوەی شەقامی لە زەوییەکانی " گەڕەسۆر " بەسەرکردەوە
پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی دانانی سەرەبلۆک و کردنەوەی شەقامی لە زەوییەکانی " گەڕەسۆر " بەسەرکردەوە
ئەمڕۆ شەممە 2025.10.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەری، جێگرى پارێزگار و قائیمقامی قەزایی بنەسڵاوە و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەکان و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران، پڕۆژەی دانانی سەرەبلۆک و شەقامى بۆ زیاتر لە ( 3 هەزار ) پارچە زەوی لە زەوییەکانی گەڕەکی گەڕەسۆری سنووری قەزایی بنەسڵاوەی بەسەر کردەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی، پارێزگارى هەولێر، وێراى پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکان و دەستخۆشى لە تیمەکانی شارەوانییەکان، خۆشحاڵی خۆى نیشاندا بەدەستکردن بە پڕۆسەکە لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت کە ماوەیەکی زۆرە چاوەروانى دەستپێکردنى ئەو کارەبوون.
لە لێدوانێکیش بۆ کەناڵەکان، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر و سەرۆکایەتی شارەوانی بنەسڵاوە کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو زەوییانەی کە چەند ساڵێکە خەڵکی هەولێر ئەو زەویانەیان وەرگرتووە، بەڵام نەیانتوانیوە بە هیچ جۆرێک بەکاری بهێنن.
گوتیشی، بە دیاریکردنی سەر بلووکەکانی ئەو زەوییانە و هەروەها کردنەوەی ڕێگاکان و تێکەڵڕێژکردنی، ئەو زەویانە دەچێتە قۆناغێکی گرنگ و خاوەنەکانیان لێی سوودمەند دەبن، و نرخی زەوییەکانیش گۆڕانی بەسەردادێت و ئاوەدانی دەگاتێ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە لە بەشی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لێرە خەزانەک دروست دەکرێت، کە ئەوەش بەشێکی تری خزمەتگوزاری ئاودانی ناوچەکە دەبێت.
جێگەى باسە، لەپڕۆسەی دانانی سەرەبلۆک و کردنەوەی شەقامەکانی گەڕەکی گەڕەسۆر، دواى دانانی دیزاینی پڕۆفایل و دەستنیشانکردنى بەرزی و نزمی زەوییەکان و وەرگرتنەوەی وێنەی تۆماری زەویەکان لەلایەن تیمى شاراوانییەکان، دەست دەکرێت بە ڕێگەپێدان بە خاوەنى زەوییەکان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکانیان.