هەولێر .... بەگوژمەی زیاتر لە ( 820 ملیۆن ) بەردی بناغەی نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانی گەورەی شار دانرا
هەولێر ....
بەگوژمەی زیاتر لە ( 820 ملیۆن ) بەردی بناغەی نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانی گەورەی شار دانرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.10.28، له ڕوانگهی ئەوەی گۆڕستانی گەورە بهشێكه له مێژووی دێرینی پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی میسعود كاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی و ئارام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری شارەوانی یەك و بەڕێوەبەری ژینگە پارێزی و ژمارەیەكی تری دیاری كەسایەتی هەولێری ، لە ڕیورەسمێكدا، بەگوژمەی ( 820 ملیۆن و 709 هەزار دینار ) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر ، بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی " گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر " دانرا.
لە رێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی ڕیزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ڕەزامەندی و تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانەكە، كە جگە لەوەی شوێنێكی مێژووی و كلتووری شاری هەولێرە، بەشێكیشە لە یادگار ی شارەكە و کۆنترین و بهناوبانگترین گۆڕستانی هەولێرە. و جێگەی باب و باپیرانی هەولێریەكانە و لەهەولێریش گۆڕستان تایبەتمەندی خۆی هەیە.
ئاشكرای كرد وێرای زیادكردنی رێژهی سهوزایی و چاندنی نهمامی تایبهت شوراو چوارچێوەی گۆڕستانهكه دروست دەكرێت، ئەوە بێجگە لە دابینكردنی ڕووناكەرەوە و دانانی سیستەمی كامێرای چاودێری و چاككردنی ڕێرەوی ناو گۆڕستانەکە و شوێنی هاتوچۆی هاوڵاتییان.
جێگەی باسە، لەسەر فەرمان ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی ( 820 ملیۆن و 709 هەزار دینار ) بەشێوەی نەختینە و قۆناغ لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەستدەكرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی " گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر "، كە كەوتۆتە ناوجەرگەی بازاڕ و دامێنی قەلات و تەنیشت بازاڕەكانی شێخەڵڵا و نیشتیمان، و بەیەکێك لە كۆنترین و ناودارترین گۆڕستانەكانی شاری هەولێر هەژمار دەکرێت و بۆتە بەشێك له مێژووی دێرینی شارەكە.