لە هەولێر... ( 7 هەزار و 500 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا
لە هەولێر...
( 7 هەزار و 500 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2025.10.28، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى و نوێنەرانى فەرمانگە و دام و دەزگا و وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە دیوانى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغی سێیەم بەشێوەى تیروپشک دەستکرا بە دابەشکردنی ( 7 هەزار و 500 ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانى فەرمانگە و دام و دەزگاکانى سەنتەری شار، ئەوانەی کارتی زانیارییان سەنتەری شاری هەولێرە.
لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی ناویان لە تیروپشك گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دوو جاری دیكە زەوی دابەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆکایەتى شارەوانى و بەرێوەبەرایەتى نەخشەدانانى ئاوەدانى هەولێر و فەرمانبەرانی کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى.
ئاماژەشی بەوەدا، دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، بەخۆشحاڵییەوە لە ماوەیەکى نزیکدا توانرا ڕێکارەکانى پێویست بە دانانی نەخشەی کەرتی و دروستکردنی زەوی نیشتەجێبوون تەواوبکرێت و پڕۆسەكە بەردەوامی هەبێت.
جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، دوو قۆناغی دیكە زەوی دابەشكراوە جارێک ( 4 هەزار ) پارچە و جارێکیش ( 14 هەزار پارچە ) و ئەو جارەش ( 7 هەزار و 500 ) پارچە زەوییە، کۆی گشتیى ئەو فەرمانبەرانەشی کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى ( 60 هەزار ) فەرمانبەرە، و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت و تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی.