بەغدا، دەیەوێت سوود لە ئەزموونی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەولێر وەرگرێت

بەغدا، دەیەوێت سوود لە ئەزموونی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەولێر وەرگرێت

بەغدا، دەیەوێت سوود لە ئەزموونی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەولێر وەرگرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.10.30، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ڕێبین عەونی، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەمینداریەتی گشتیی بەغداد كرد، بە سەرۆکایەتی د.عەلی حسێن، بریکاری ئەمینداری گشتیی بەغدا و عەلی هاشم، سەرۆکی شارەوانی ئەعزەمیە و محمەد جەزائیری، بەڕێوەبەری گشتیی پارک و باخچەکانی بەغدا و عەلی حاتەم، بەڕێوەبەری دیزاین زەورا.

لە دیدارەكەدا، هەردولا جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و ئەمینداریەتی گشتیی بەغدادیان کردەوە، بەتایبەتی لە بواری پڕۆژەکانی گەشەپێدانی شاروانی، و هاوبەشی لە بوارە خزمەتگوزارییەکان.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگار ی هەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی ناوبراو، تیشكی خستەسەر بەرنامە و پلانی حكومەتی هەرێم و پارێزگا لە بەردەوامی پڕۆسەی گەشەپێدانی شاری هەولێر و ئاماژەی بە هەموو ئەو پرۆژە ستراتیژی و گرنگانەدا كە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتییان جێبەجێكراون، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی میوان، هەموو ئەوكارانەیان بەرز نرخاند و جەختیان لەسەر گرنگی هاوکاری و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان کردەوە بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانی بەغدا.

پاشان شاندی میوان وردەکاری کار و پلانەکانی داھاتوو یان خستە ڕوو لە پێناو پارێزگاری كردن لە هونەری تەلارسازی دێرینی شەقام و باڵەخانەکانی و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ دانیشتوانی بەغدا و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی بە جۆرێک لە ئاست و پێگەی شارستانی و مێژویی شارەكەدا بێت و بە باشترین شێوە خزمەتگوزاری پێشکەش بە دانیشتوانەکەی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئومێدیان خواست هەولێر وەک شارێکی گەشاوە و پێشکەوتوو هاوکاریان بێت.

لە کۆتایشدا، سوپاس و ستایشی خۆیان بە پارێزگاری هەولێر گەیاند، بۆ پێشوازیەكەی و پشتیوانی و گرنگیدانی بە گەشەپێدانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و تەلارسازی و چارەسەرکردنی كێشەكان.