لە هەولێر ..... بەردی بناغەی كۆمەڵگەی پەروەردیی پاڵپشت و دۆستی گەورەی كورد خاتوو "جوێس بڵەو " دانرا

لە هەولێر ..... بەردی بناغەی كۆمەڵگەی پەروەردیی  پاڵپشت و دۆستی گەورەی كورد خاتوو

لە هەولێر .....
بەردی بناغەی كۆمەڵگەی پەروەردیی پاڵپشت و دۆستی گەورەی كورد خاتوو "جوێس بڵەو " دانرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.10.30، لە ژێر چاودێری ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محەمەد شوكری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و پڕۆفیسۆر د.کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و لوقمان سەعید، بەریوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی ئیداری و حكومی، لە رێورەسمێكدا لە هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كۆمەڵگەی پەروەردەیی خاتوون جوێس بڵەو دانرا.

لەرێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێكدا، وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان تیشكی خستە سەر ڕۆڵ و مێژووی كۆچكردوو پڕۆفیسۆر خاتوو "جۆیس بلەو" وەك نووسەر و زمانزانێك و شارەزایەك لە ئەدەبی كوردی و دامەزرێنەری ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس و پاڵپشت و دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان، كە خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد کردووە و هاوکات چەندان کتێب و لێکۆڵینەوەی لەسەر زمان و ئەدەبییات و شارستانییەتی کورد بڵاوكردۆتەوە و زۆربەی تەمەنی خۆی بەخشیوە بە پشتیوانی گەلی كوردستان و زمان و ئەدەب و كەلتووری كوردی.

گوتیشی، ئەمڕۆ خۆشحاڵین لە شاری هەولێر وەك وەفادارییەك بەرامبەر بەو خزمەتە زۆرەی خاتوو "جۆیس بلەو" پێشكەشی كورد و كوردستانی كردووە كۆمەڵگایەكی پەروەردەیی بە ناوی دەكرێت كە پتر لە 60 ساڵی تەمەنی پێشکەش بە زانست، زمان، کەلتور و ڕووناکبیری کوردستان كرد و ڕۆڵێكی باڵای کارگێڕی و هاوکاری هەبوو لە ناساندنی دۆزی ڕەوای كورد و دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا.

جێگەی باسە، ژۆیس دو ڤەنگێن ناسراو بە جۆیس بلەو، لە ساڵی 1932 لە قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایکبووە و لە زانکۆی سۆربۆن بڕوانامەی دکتۆرای لە زمانی کوردی بەدەستهێناوە. هەروەها بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی کوردی بوو لە پاریس. لە ساڵانی 50ـەکان دا چووەتە فەرەنسا و دەستی بە فێربوونی زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی کردووە. هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری (Kurdish Studies) بووە لە پەیمانگەی نەتەوەیی زمان و شارستانیی رۆژهەڵات (INALCO) و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئینستیتیوتی کوردی. خاتوو جۆیس خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە، کە دیارترینیان فەرهەنگی زمانی کوردی/ فەرەنسی/ ئینگلیزییە. فەرهەنگێکی دیکەشی کوردی-فەرەنسی نووسیوە و چەندین بەرهەمی دیکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە 13ـی ئایاری ساڵی 2024 بە بەشداریی خۆی، لەسەر قەڵای هەولێر، کتێبخانەیەك بەناوی جۆیس بلەو کرایەوە. لە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە پاریس لە تەمەنی 92 ساڵی دا کۆچی دواییکرد.