بە سەرپەرشتى پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردن ئەنجامدرا

بە سەرپەرشتى پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردن ئەنجامدرا

بە سەرپەرشتى پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردن ئەنجامدرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.11.5، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى جێگرانى پارێزگار و بە بەشدارى بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆیى هەڵبژاردنەکان، لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و فەرهەمکردنى ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە سەرجەم هێزە ئەمنیەکان کرد، لە بەرامبەر هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتر لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و بەرقەرارکردنى یاسا و فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدانیان . هەروەها سوپاسی هاوڵاتییان و لایەنە سیاسیەكانی كرد، كە تاوەكو ئێستا هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕێنماییەكان بوونەوە و هەڵمەتی بانگەشی هەڵبژاردن بە شێوازێكی سه‌ركه‌وتوو و شارستانى و سه‌رده‌میانه‌ له‌ سنوورى پارێزگای هەولێر بەبێ هیچ كێشە و گرفتێك، زۆر بەباشی بەڕێوەچووە.

پاشان، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى گشتیى دەنگدان لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە، کە بڕیارە لە9 و 11ى ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوە ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری شارستانی و تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی دیاریکرد و ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارە و ڕاسپاردەکان داڕشت. لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جگە لە دووپاتکردنەوە لە ئامادەباشیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەشێوەیەکى ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و زۆر سەرکەتووانە بەڕێوەبچێت.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای ئەمنی کرایەوە، بە تایبەتى، کە لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەک دەنگدەران مۆبایل لە بنکەکانی دەنگدان ببەنە ژوورەوە و بەكاری بهێنێت، سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش کە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت پێشوەختە لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمار کرابن و باجی کۆمیسیۆنیان پێبێت.

لە کۆتایدا، پارێزگارى هەولێر، ئومێدی خواست بە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن، هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرتاسەری هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت، وەك پارێزگای هەولێریش هەموو پاڵپشتی و هاریکارییەکى بۆ نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپاتکردەوە.