شەوانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.. کۆتاییهاتنی خولێکی کڵاومستانێ
شەوانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان..
کۆتاییهاتنی خولێکی کڵاومستانێ
شەوی یەکشەممە 2026.3.15، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕێورەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی کڵاومستانێ بەڕێوەچوو.
ئەو چالاکییە لەلایەن ناوەندی باڵای حەیرانبێژان بە هەماهەنگی لقی منارەی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕێکخرابوو، کە تێیدا ( 128 تیپ ) بەشدارییان تێدا کردبوو و ئامانجی خولەکە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و یارییە ڕەسەنە کوردییەکان بوو لە نێو لاوان و گەنجاندا.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی خولەکە، خەڵات و دیاری بەسەر براوەکان دابەشکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ بەشداربووانی خواست.
جێگەی باسە، شەوانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە شاری هەولێر، وەرزێکی زیندووکردنەوەی دابونەرێتە ڕەسەنەکانە، کە تێیدا یارییە کەلەپوورییەکانی وەک کڵاومستانێ و سنی و زەرف و چەندان جۆری دیکەی، دەبنە بەشێکی سەرەکی لە شەوانی ئەم مانگە.