هەولێر ... لەکۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان، ( 91 ) پڕۆژە زەویان بۆ تەرخانکرا
هەولێر ...
لەکۆبوونەوەی لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان، ( 91 ) پڕۆژە زەویان بۆ تەرخانکرا
ئەمڕۆ سێشەممە 2026.4.21، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی دیكەی لێژنەکە، کۆبوونەوەی " لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان " لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی جۆر و پێویستی خزمەتگوزارییەکان، ئامانج و بەرهەمی پڕۆژە پیشەسازییەکان کرا. لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانی لێژنەکە، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازییە ( گەورە، مامناوەند و قورسەکان ) کردەوە، بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان.
پاشان، دواى گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنى پڕۆژە پشەسازییەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژەکان، بڕیاری پێویست لە بارەى ئەو پڕۆژانە درا کە داواى تەرخانکردنى زەویان کردبوو و ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی زەوی بۆ ( 91 ) پڕۆژە درا .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و چاودێریکردنی وردی پڕۆسەكە، بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت درا بۆ چاودێریکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان، هاوکات چەند بڕیارێکی دیكەی گرنگی پەیوەست بە گەشەپێدانی زیاتری ئەم کەرتە درا.
جێگەی باسە، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەم چوارچێوەیەشدا ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنەران ڕەخسێندراوە بۆ دروستکردنی کارگەی جۆراوجۆر، کە جگە لە بەگەڕخستنی سەرمایە، بووەتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کارێکی زۆر بۆ هاووڵاتییان.