پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی سەربڕخانەی مۆدێرنی مگەلیان بەسەردەکەنەوە
پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی سەربڕخانەی مۆدێرنی مگەلیان بەسەردەکەنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.5.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، سەردانی سەربڕخانەی هاوچەرخی مگەلیانی کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕێکارە تەندروستییەکانی پرۆسەی قوربانیکردنی هاوڵاتیانی شاری هەولێر.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا، پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە لە شێوازی کارکردن و پشکنینە پزیشکییەکانی ناو سەربڕخانەکەی ڕوانی و هانی تەواوی هاوڵاتیانی دا کە لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان، خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەیان، قوربانییەکانیان بهێننە سەربڕخانە فەرمییەکان و دووربکەونەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا، جەختی لەوەکردەوە کە پارێزگای هەولێر بەردەوامە لە چاودێریکردنی بازاڕ و گۆشتفرۆشەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی ئەو گۆشتەی دەگاتە دەستی هاوڵاتیان، هەروەها ستایشی ڕۆڵی گرنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد لە پشتگیریکردنی پرۆژە خێرخوازییەکان و دابەشکردنی گۆشتی قوربانی بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا بە شێوازێکی تەندروست.
جێگەی باسە، ئەم بەسەرکردنەوەیە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی پارێزگای هەولێر دێت بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ڕەوشی تەندروستی لە پایتەخت.