بەئامادەبوونی نوێنەری " سەرۆك بارزانی " پەردە لەسەر تابلۆی شه‌قامی سیاسەتوان مامۆستا ( حەبیب محەمەد کەریم) لادرا

بەئامادەبوونی نوێنەری

بەئامادەبوونی نوێنەری " سەرۆك بارزانی " پەردە لەسەر تابلۆی شه‌قامی سیاسەتوان مامۆستا ( حەبیب محەمەد کەریم) لادرا

وەک وەفادارییەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی تێكۆشه‌رانی گەلی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 30.5.2026، بە ئامادەبوونی ڕێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی " سەرۆک مەسعود بارزانی " و بەڕێز فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزیری شارەوانی، پارێزگاری هەولێر، بەرپرسی لقی2 و بەرپرسی لقی 16 و ئاراس حەبیب محەمەد کەریم کوڕی خوالێخۆشبوو و خانەوادەو کەسوکاری سیاسەتوان مامۆستا حەبیب محەمەد کەریم و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دیكەی حزبی و حکومی، کەسایەتییەکانی کوردانی فەیلی، لە ڕێورەسمێكی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی شەقامێكی سەرەکی بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان مامۆستا (حەبیب محمد کەریم) لادرا .

له‌ ڕێوره‌سمه‌كه‌دا، پارێزگاری هه‌ولێر گوتارێکی پێشکەش کرد تێدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گردبوونەوەیە بە شانازیەوە لە بڕی وه‌قاو ئەمەکداریه‌ بۆ سیاسەتوان و تیكۆشەرێكی مه‌زنی وه‌ك مامۆستا حەبیب محەمەد کەریم، كه‌ هه‌موو ژیانی بۆ خزمەتی مافی ره‌وای گه‌لێكی سته‌م دیده‌ی وه‌ك گه‌لی كوردستان ته‌رخان كرد.

پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر خەبات و ویستگە سیاسی و پارتایەتی و رۆشنفکریەکانی مامۆستا حەبیب محەمەد کەریم و وەکو کەسایەتیەکی متمانە پێکراوی بارزانی نەمر وەسفی کرد، کە لە چەندین وێستگەی خەباتی کوردایەتی رۆڵی پێشەنگایەتی بینیوە …
پارێزگاری هەولێر، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌وا ناونانی ئەم شەقامە ستراتیژیانە بەناوی پۆلێک کوردپەروەر، بەواتای چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی هەولێری پایتەختە.

پارێزگاری ئەوەشی راگەیاند، کە مێژوو ئەو زوڵم و ستەمانەی دەرهەق بە کوردانی رەسەنی فەیلی ئەنجامدراون تۆمار کردووە، کە سەبارەت بە شوناسی کوردبوونیان ئاوارەو ئەنفال و بێ سەرو شوێن کراون …
مامۆستا حەبیب محەمەد کەریم هاوشانی تێکۆشەرانی دیکەی گەلەکەمان هەموو تەمەنی خۆیان بەخشییە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، بۆیە هێشتنەوەی ناویان لەسەر شەقامە ستراتیژیەکانی هەولێر، پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەرگیز خەبات و تێکۆشانی ڕابردوو ی قارەمانەکانی خۆی لەبیر ناکات.

جێگەی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی گشتگیر و ستراتیژی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی دێت بۆ ڕێکخستنەوەی نەخشەی شار و ئاسانکاری هاتووچۆ، ئەو دوو شەقامە نوێیەی کە ناونراون، شادەماری سەرەکی بەستنەوەی چەندین گەڕەک و ناوچەی گرنگی پایتەختن، کە هەم کێشەی قەرەباڵغی کەمدەکەنەوە و هەمیش دیمەنێکی شارستانی و مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشن.