هەولێر ... بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پاسکیل سواری ماراسۆنێك بەڕێوەچوو
هەولێر ...
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پاسکیل سواری ماراسۆنێك بەڕێوەچوو
ئیوارەی ئەمرۆ دووشەممە 2026.6.16، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوام بە پەرەپێدانی سێکتەری وەرزش و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ژینگەدۆستی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی رادۆ بۆتۆم، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى یەکێتى ئەوروپا، یەکێتی پایسکل سواری ماراسۆنێکی نێودەوڵەتیی پاسکیلسواری بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پایسكل سواری ئەنجامدا.
لەم چالاکییە وەرزشیەدا، کە لەکەشێکی ئارام و پڕ لە وزەی ئەرێنی بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی بەرچاوو لە هاووڵاتیان و وەرزشوان و ئارەزوومەندانی پاسکیلسواری لە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکان بەشداربوون، سیمایەکی شارستانی و جیهانی بە پایتەخت بەخشی، ئەو چالاكیە تەنها چالاکییەکی وەرزشی نەبوو، بەڵکو هەڵگری چەندین پەیامی گرنگی کۆمەڵایەتی و تەندروستی بوو، بۆ هاندان و ڕاهێنانی هاووڵاتیان لەسەر چالاکیی جەستەیی و تەندروستی و ژینگە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و دابەزاندنی ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان و پاككردنەوەی ژینگە.
لەوبارەیەشەوە، پارێزگاری هەولێر، لە لیدوانیكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان خۆشحاڵی خۆی بەم چالاكیە جەماوەری و نێودەوڵەتییە دەربڕی و ڕایگەیاند: " ئامادەبوونی بەرفراوانی هاووڵاتیان لەچین و توێژە جیاوازەکان، سەلمێنەری ئاستی بەرزی هۆشیاریی تەندروستی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دانیشتووانی پایتەختە و بەشداریکردنی هەر تاکێک لەم چالاکییەدا جێگای ڕێزە و دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ڕێکحەرانی مارۆسۆنەکە و هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، هاتووچۆ و تیمی فریاکەوتنی تەندروستی کرد کە هاوکاربوون لە ڕێکخستن و پاراستنی سەلامەتی بەشداربووان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەچوارچێوەی پلان و ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پلان و پڕۆژە لەبەردەستن بۆ دروستكردنی ڕێرەوەی تایبەت بەپاسکیل بۆ هاتوچۆی ڕۆژانە لە ناو شاردا و گوتیشی، ئیدارەی پارێزگای هەولێر بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پڕۆژە و چالاکییە هاوشێوەکان کە خزمەت بە تەندروستی گشتی و سیمای شاری هەولێر دەکەن.