هەولێر... بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ماوەی کارو ئەرکە دیپلۆماسییەکانی، کونسڵی گشتی فەرەنسا، سه‌ردانی دیوانی پارێزگای هه‌ولێری كرد

هەولێر...  بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ماوەی کارو ئەرکە دیپلۆماسییەکانی، کونسڵی گشتی فەرەنسا، سه‌ردانی دیوانی پارێزگای هه‌ولێری كرد

هەولێر...

بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ماوەی کارو ئەرکە دیپلۆماسییەکانی، کونسڵی گشتی فەرەنسا، سه‌ردانی دیوانی پارێزگای هه‌ولێری كرد

هاوکاری و پشتگیرییه‌ بەردەوامەكانی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی پەیوەندی و دۆستایه‌تی نێوانیان

ئەمرۆ چوارشەممە 29/7/2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگای هەولێر پێشوازی لە یان برایم، کونسڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەم سەردانە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ماوەی کارو ئەرکە دیپلۆماسییەکانی کونسڵی گشتی فەرەنسا ئەنجام درا، و لە کەشێکی دۆستانە و پڕ لە ڕێزلێناندا باس لە پەیوەندی و هاوکارییە هاوبەشەکان کرا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، هەردوو لا باسیان لە پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەکانی نێوان کۆماری فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد، و ئاماژەیان بەو وێستگە گرنگانەدا، کە فەرەنسا تێیاندا هەمیشە لە پاڵ گەلی کورد و دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان وەستاوە. هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەم هاوکاری و پشتگیرییە بەردەوامە بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی پەیوەندی و دۆستایه‌تی نێوان هەردوو گەل و فراوانبوونی هەماهەنگی لە زۆر بواردا.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، باس لە ئاستی باشی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێرو کونسڵگەری گشتی فەرەنسا کرا، کە بە تایبەتی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. ئەم هاوکارییانە بواری ئابووری، بازرگانی و بزنس، گەشتیاری، تەندروستی و هەروەها بابەتە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیشیان گرتووەتەوە، و هەردوو لا بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان وەسفیان کرد.
ئومێد خۆشناو لە قسەکانیدا جەختی لەسەر ژمارەیەک ئەجێندای ستراتیژی و پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو لا کردەوە. لە پێشەوەی ئەو بابەتانە، پلانی فراوانکردنی ئەنستیتیۆتی کوردی–فەرەنسی بوو، کە بە فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی پێویستە شوێنێکی شیاو و گونجاو بۆی دابین بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر خزمەت بە بوارەکانی زمان، فەرهەنگ و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان بکات.
هەروەها باس لە پرۆژەی دیاریکردنی "ماڵی پاریس" لە ناو قەڵاتی هەولێر کرا، کە بۆ ئەم مەبەستە چەندین کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزارو بە هاوبەشی خاتوو نەزەند بەگیخان ئەنجام دراون، بۆ دابینکردنی شوێنێکی شایستە، دڵگیر و گونجاو، کە وەک پردێکی فەرهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوولا کار بکات.
لە هەمان کاتدا، بابەتی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کونسڵگەری گشتی فەرەنسا لە هەولێریش تاوتوێ کرا. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر ئەم پرۆژەیە بڕیارە سەرەتاییەکان وەرگیراون و ئێستا چاوەڕوانی یەکلاکەرەوەی کۆتایی لەلایەن حکومەتی فەرەنسا دەکرێت، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەست پێ بکات.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، یان برایم، کونسڵی گشتی فەرەنسا، سوپاسی تایبەتی خۆی بۆ پارێزگاری هەولێرو تیمی پارێزگای هه‌ولێر دەربڕی، تاكیدی له‌سه‌ر هاوکاری، دڵسۆزی و ئاسانکارییەکانیان كرده‌وه‌، کە لە ماوەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان پێشکەشیان کردووە. ئاماژەی بەوەشدا، کە زۆربەی ئەو سەرکەوتنانەی لە ماوەی ئەرکی دیپلۆماسیی خۆیدا بەدەستی هێناون، بەهۆی ڕۆحی هاوکاری، متمانە و جۆری مامەڵەی پیشەیی و دۆستانەی پارێزگاری هەولێر و تیمەکەی بووە، هیوای خواست ئەم پەیوەندییە بەهێزانە لە داهاتووشدا هەروا بەردەوام و پەرەسەندنی بەخۆوە ببینێت.