بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنەوەی شوێنە گەشتیاری و تەندروستییەکان بەڕێوەچوو

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنەوەی شوێنە گەشتیاری و تەندروستییەکان بەڕێوەچوو

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنەوەی شوێنە گەشتیاری و تەندروستییەکان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.8.23، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە مەبەستی داڕشتنی پلانێکی گشتگیر بۆ ڕێکخستنەوە، گەشەپێدان و چاکسازیکردن لە چەندین شوێنی گەشتیاری و تەندروستی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هێمن قادر، جێگری پارێزگار، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی، شاخەوان سدیق، قایمقامی بەحركە، د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزار، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی، دڵشاد حسێن، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگە، و بەڕێوەبەرانی چاودێری تەندروستی خۆراك، پۆلیسی شارەوانی، نوێنەری ئاسایش و ئەندامانی دیكەی لیژنەی پشكنین و بەدواداچوون ئامادەی بوون، بە وردی تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە گەشتیارییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ پێگەی هەولێری پایتەخت و پەرەپێدان بە سیمای شارستانی شارەکە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار لەسەر داڕشتنی میکانیزمی نوێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری گەشتیاری بە گەشتیاران و پابەندکردنی ناوەندە گەشتیارییەکان بە مەرجە تەندروستیەكان و ژینگەپارێزی درا، لە پاڵ چڕکردنەوەی چاودێری پزیشکی و پشکنینی بەردەوام بۆ سەرجەم ئەو شوێنانەی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان پێشکەش دەکەن، هەروەها جەخت لەسەر پێکهێنانی لێژنەی هاوبەشی مەیدانی کرایەوە بۆ بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و چەسپاندنی مەرجەکانی سەلامەتی گشتی.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی داواکاریی سەرتاشەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کرا. کۆبوونەوە جەختی لە گرنگیی ڕەچاوکردنی سیمای شارستانیی هەولێری پایتەخت کردەوە لەلایەن سەرتاشخانەکانەوە، هاوکات دووپاتکرایەوە کە کاتی کارکردنیان ئارەزوومەندانەیە، بەمەش هەر سەرتاشێک سەرپشکە لە دیاریکردنی کاتژمێرەکانی دەستپێکردن و کۆتاییهێنان بە کارەکەی.

لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە ڕاسپێردراوەکانی پابەندکرد وەك یەك تیم و بە هەماهەنگی یەكتر لە زووترین کات دەست بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەم پلانانە بکەن كە لە كۆبوونەوەدا بڕیاریان لەبارەوە درا و ئاسانکاری تەواو بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران فەراهەم بکەن، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری، تەندروستی گشتیی و پێشکەوتنی بەردەوامی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.