پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و شاندێکی باڵای باڵای یاوەری دەکات
پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و شاندێکی باڵای باڵای یاوەری دەکات
ئەمرۆ دووشەممە 2026.8.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی د. عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگیی کارگێڕی و پەرەپێدانی کەرتی گشتی، پێشوازیی لە عادل عەبدولسەلام الصميدعی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە پێکهاتبوون.
لەدیدارەكەدا، جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە و شاندی میوان بە ناوی تەواوی خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینەوە، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان ئاراستەی سەرکردایەتی، حکومەت و گەلی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر کرد، كە لە کاتە هەرە سەختەکاندا و لە سەردەمی هێرشەکانی داعش، باوەشی گەرمیان بۆ لێقەوماوان و ئاوارەکانی ناوچەکەیان کردەوە، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕەسەنایەتی و گیانی مرۆڤدۆستیی هەمیشەیی هەولێری پایتەختە.
لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر ئەو بنەمایە کردەوە و دووپاتیكردەوە كە هەولێر ماڵی دووەمی ئێوە و تەواوی ئەو خوشک و برایانەیە کە لە ڕۆژانی لێقەوماندا ڕوویان لەم شارە کرد، لە هەر شوێنێکی عێراق بن، بە ئەرکێکی سەرەکیی نیشتمانی، مرۆیی و ئەخلاقیی خۆمان دەزانین و دەرگای ئێمە هەمیشە بە ڕووی دۆستانماندا کراوەیە.
پاشان تیشك خرایەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و گواستنەوەی ئەزموون و ئاڵوگۆڕی شارەزایی کارگێڕی و داڕشتنی میکانیزمێكی هاوبەش لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی پارێزگای هەولێر لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان لەسەرجەم سێكتەرە جیاجیاكان و هاندانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بۆ کارکردن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا.
له بهشێكی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر تیشكی خستەسەر ئامادەکارییەكانی هەولێری پایتەخت بۆ دیداری پارێزگارەكانی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق کە لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکان تەواو کراون بۆ ئەوەی لە ئایندییەکی زۆر نزیکدا، دیداری فراوان و گشتگیری پارێزگارانی هەموو عێراق لە شاری هەولێری پایتەخت بەڕێوە بچێت، ئاشكراشی كرد كە ئەم دیدارە دەبێتە پلاتفۆرمێکی باڵا بۆ یەکخستنی کارنامە خزمەتگوزارییەکان، قووڵکردنەوەی هاوکاری نێوان پارێزگاکان، و داڕشتنی ستراتیژیەتی نوێ بۆ خزمەتکردنی زیاتری سەرجەم هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی.
لە کۆتایی دیدارەكەدا، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەددین جارێکی تر سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆیان بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی پارێزگاری هەولێر دەربڕی، و هیوای سەرکەوتنی پێشوەختیان بۆ دیداری داهاتووی پارێزگارانی عێراق لە هەولێر خواست، کە هێمایەکە بۆ یەکڕیزی و گەشەپێدانی نیشتمانی.