پارێزگاری هەولێرو كونسڵی چین لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان گفتوگۆ دەکەن

پارێزگاری هەولێرو كونسڵی چین لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان گفتوگۆ دەکەن

پارێزگاری هەولێرو كونسڵی چین لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکان گفتوگۆ دەکەن

بەیانی ئەمڕۆ، 26.8.2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا به‌ ئاماده‌بوونی هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێرو، عه‌مید خه‌سرۆ به‌رێوه‌به‌ری كاروباری ناوخۆی پارێزگا، پێشوازی لە سه‌ر كونسڵی گشتی کۆماری چین کرد. لە دیدارێکدا کە تێیدا گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکان لەنێوان هەولێرو كۆماری چین تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگییەکان و دروستکردنی دەرفەتی نوێ بۆ فراوانکردنی هاوبەشی كارو پرۆژه‌كان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە. هەروەها، پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی، وەک یەکێک لە بنەماکانی بەهێزکردنی هاوکارییەکان باس کرا.
پارێزگای هەولێر، دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ بەهۆی پێگەی ستراتیژی و توانای ئابووری و بازرگانییەوە، هەمیشە گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا و دامەزراوە بیانییەکان دەده‌ین. لەم چوارچێوەیەشدا، هاوکاری لە بوارەکانی وەبەرهێنان، بازرگانی، پرۆژە خزمەتگوزارییەکان له‌گه‌ڵ كۆماری چین دەتوانێت ببێتە بنەمای قۆناغێکی نوێ په‌ره‌پێدان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر.
لە دیداری پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتیی کۆماری چین لە هەولێر، جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوەو له‌م بواره‌شدا ئاماژه‌ به‌ سوودمه‌ندبوونی زیاتر له‌ (هه‌زار و پێنجشه‌د) فه‌رمانبه‌ركرا، كه‌توانیویان به‌شدار بن له‌و خولانه‌ی له‌وڵاتی چین به‌ مه‌به‌ستی راهێنانیان سازكرابوون، هاوكات ئاماژه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی به‌شی زمانی چینی له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و كردنه‌وه‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ زانكۆیه‌كی وڵاتی چین كرا، كه‌ بۆ ئاینده‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی زۆر ئه‌رێنی به‌جێده‌هێڵن.
سه‌ره‌رای ئه‌و بوارانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ ته‌واو كردنی پرۆسه‌ی خوێندن و خوێندنی باڵاوه‌ هه‌یه له‌ وڵاتی چین‌، كه‌ سالانه‌ ئۆڤه‌ری سكۆلارشیپ بۆ قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌رفه‌ت ده‌ره‌خسێندرێ و قوتابیان تێدا سوودمه‌ند ده‌بن .
لە وتووێژەکاندا، پرسی دروستکردنی کونسوڵگەری چین لە هەولێر تاوتوێ كرا، كه‌ جێگه‌ی بایه‌خی خودی رێزدار سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، هەروەها پرسی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی، لە بوارە سەرەکییەکانی خزمه‌تگوزاری گشتی گفتوگۆیان له‌سه‌ر ئاڵوگۆر كرا. هەروەها باسی کردنەوە و چالاککردنی کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی چینی (هایبرێد) لە هەولێرو ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان و بەهێزکردنیان کرد.
پەیوەندییەکانی هەولێر و چین لە ساڵانی ڕابردوودا لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پڕۆژەی خزمەتگوزاری و کەلتووری گەشەی زۆری کردووە، لەوانەش دروستکردنی پارکی دۆستایەتیی چین لە هەولێرو رووناكردنه‌وه‌ی شه‌قامی هه‌ڵه‌بجه‌و هەندێک پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ کونسوڵگەری چین.
شایه‌نی باسه‌، پارێزگای هەولێر له‌ هەوڵی به‌رده‌وام دایه‌ تاوه‌كو پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکات و دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاری و وەبەرهێنان لە پارێزگاکەدا دروست بکات.