هەولێر ... خولی ڕاهێنان بۆ سیستەمی نوێی دەستنیشانکردنی ناوچە مەترسیدارەکانی لافاو
هەولێر ...
خولی ڕاهێنان بۆ سیستەمی نوێی دەستنیشانکردنی ناوچە مەترسیدارەکانی لافاو
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27.8.2026 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرێوەبەرانی دامەزراوەکانی پارێزگای هەولێر، خولی ڕاهێنان و فێرکاری لەسەر سیستەمی نوێی دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کە لە مەترسی لافاودان، بەڕێوەچوو.
پارێزگاری هەولێر، لە نزیکەوە ئاشنا بوو بە پڕۆژەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، کە لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا لە ژووری ئۆپەراسیۆن کاری لەسەرکراوە، لە ئێستاشدا تیمی دامەزراوەکانی پارێزگای هەولێر لەسەر چۆنیەتی سوود وەرگرتن لەم ئامرازانە لە ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەرێمی کوردستان ڕادەهێندرێن.
لە گرینگترین ئەم ئامادەباشییانە بریتییە لە دیاریکردنی مەترسییەکان بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تووڵەکانی سیستەمی GIS لە جیهان، ئەمەش بەمەبەستی دیاریکردنی ئەم شوێنانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، پێش ڕوودانی کارەساتەکە.
دوای دروستکردنی تیمێکی شارەزا لە ناوەند، کار لەسەر پێگەیاندنی تیمەکان لە ڕێگای ئەم ڕاهێنەرانە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت، یەکەم شوێن،کە دەستپێدەکرێت پارێزگای هەولێرە، بەمەش تەواوی بەڕێوبەرایەتییەکانی پارێزگای هەولێر ئاشنا دەکرێن بە شێوازی سوودوەرگرتن لە سیستەمەکە و بەکارهێنانی لە کەمکردنەوەی مەترسییەکان لە ئایندەدا.
شایەنی باسە ئەم خولی ڕاهێنانە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاری و توانای دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، و بەکارخستنی سیستەمێکی نوێ بۆ دیاریکردنی پێشوەختەی ناوچە مەترسیدارەکان .
لە گرنگترین ئامانجەکانی خولەکە، راهێنانی کارمەندان و تیمە پەیوەندیدارەکانە بۆ بەکارهێنانی سیستەمە نوێکە و دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی کە لە مەترسی لافاودان، بە مەبەستی دابینکردنی هۆشداری پێشوەختە و کەمکردنەوەی زیانەکان پێش ڕوودانی کارەساتەکە.
سیستەمەکە یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریکردنی وردی ناوچە مەترسیدارەکان پێش بارینە بارانە بەهێزەکان و دابینکردنی زانیاریی پێویست بۆ بڕیاردانی خێرا و گونجاو، هەروەها بەرزکردنەوەی توانای تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا لە کاتی ڕوودانی لافاو و کەمکردنەوەی زیانە مرۆیی و ماددییەکان.