هەولێر … پرۆژەی هاوبەشی شێوەکاری «ڕەنگەکانی تەمەن» لە باغی شار کرایەوە
هەولێر …
پرۆژەی هاوبەشی شێوەکاری «ڕەنگەکانی تەمەن» لە باغی شار کرایەوە
ئهمرۆ دووشهممه رێكهوتی 14.9.2026 بهئامادهبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێرو دکتۆر کامەران سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و سیروان عوسمان بەرێوەبەری گشتی هونەرو رۆشنبیری هەولێر، و ئامانج برادۆستی نوێنەری لقی دووی پارتی و ژمارهیهك له مامۆستاو هونهرمهندو ئارهزوومهندانی هونهری، بەسەرپەرشتی کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەددین، لەسەنتەری خانەنشینانی هەولێر، پرۆژەی شێوەکاری هاوبەش بە ناونیشانی «ڕەنگەکانی تەمەن» لە باغی شار لە هەولێر کرایەوە، کە تێیدا بەشێک لە خانەنشینان بەهاوبەشی بەرهەمە هونەرییەکانیان و دەستڕەنگینی و ئەزموونی شێوەکاریی خۆیان بۆ میوانان نمایش کرد .
ئەم پرۆژە هاوبەشە، بە مەبەستی پشتیوانی لە تواناکانی خانەنشینان و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە چالاکییە هونەری و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە چوو، تابلۆیەکی هاوبەشی کاری شێوەکاری لەخۆ گرتبوو، کە هەر رەنگێک بەشێک لە بیرەوەری، ئەزموون و بینینی تایبەتی هونەرمەندانی بەشداری پێشانگاکە دەخەنەڕوو.
«ڕەنگەکانی تەمەن» هەروەها پەیامێکە بۆ ئەوەی تەمەن سنوورێک نییە بۆ بەرهەمهێنان و داهێنان؛ بەڵکو ئەزموونی ژیان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ دروستکردنی بەرهەمی هونەری و بەشداریی زیاتر لە ژیانی کۆمەڵایەتی.
هەر لەو چاڵاکیەدا پارێزگاری هەولێر، قەڵغانی رێزلێنانی بەسەر بەشێک لە بەشداربووان دابەشکرد .
شایەنی باسە پێشانگاکە لە ژینگەی سروشتی و ئارامی باغی شار بەڕێوەچوو، هەلی ئەوەی رەخساند کە هاووڵاتیان لە نزیکەوە بەرهەمەکانی بەشێک لە خانەنشینان ببینن و لە توانایی و ئەزموونی هونەرییان کەڵک وەربگرن.