پارێزگارانی هەولێر و میسان جەخت لە پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو پارێزگا دەکەنەوە
پارێزگارانی هەولێر و میسان جەخت لە پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو پارێزگا دەکەنەوە
ئەمڕۆ، پێنجشەممە 8.10.2026 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، پێشوازی له حهبیب زاهر ئهلفهرتووسی پارێزگاری میسان، و جێگرو سهرۆك و ئهندامانی ئهنجومهنی پارێزگای میسان، و شاندێکی یاوەریان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی پارێزگاری میسان، و شاندی میوان دەربڕی. هەروەها جەختی لە گرنگی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیەکانی نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوانیاندا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی بوارەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بگێڕێت.
پارێزگاری هەولێر، هیوا خواست سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی میسان لە هەولێر، ببنە دەرفەتێک بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنەرانی هەولێر بۆ پارێزگای میسان، بە مەبەستی بەهێزکردنی پرۆسەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو پارێزگایە.
لە بەشی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، وەبەرهێنان، ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتیان کرا.
لە لایەن خۆیانەوە، پارێزگاری میسان و ئەندامانی شاندەکە، جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکارییەکان لە نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە و داوایان کرد لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و دروستکردنی پەیوەندییە کارییەکان لە نێوان سهرمایهدارو بازرگانان، کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی هەردوو پارێزگا، بوار بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان فراوانتر بکرێت. لەوبارەیەوە، پارێزگاری هەولێر ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاری و هاوکارییە پێویستەکان دەربڕی، بۆ ئەوەی پارێزگای میسان بتوانێت لە ئەزموونی هەولێر لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان سوود وەربگرێت، هەروەها ئاڵوگۆڕی ئابووری و وەبەرهێنانی لە نێوان هەردوو پارێزگا پەرە پێ بدرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پارێزگاری میسان، وێرای سهرسامی بهو پرۆژه ستراتیژیانهی له ههولێر ئهنجام دراون، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ پێشوازی گەرمی و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە. هەروەها خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر و بەو ئاستەی ئارامی، ئاسایش و ئاوەدانییەی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەرقەرارە، دەربڕی.