هەولێر… فیستیڤاڵی ئەسپی ڕەسەنی کوردەواری بەڕێوەچوو
هەولێر…
فیستیڤاڵی ئەسپی ڕەسەنی کوردەواری بەڕێوەچوو
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی کەلەپووری ڕەسەنی کوردی و ناساندنی ئەسپی کوردەواری وەک بەشێکی گرنگ لە ناسنامەی کەلتووری و مێژوویی گەلی کوردستان، فیستیڤاڵی ئەسپی کوردەواری لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21.10.2026، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەنگەر کانەبی بەرپرسی لقی ٢٣ قەرەچوخ، هێمن قادر، جێگری پارێزگار، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن ئەسپ و ئارەزوومەندانی ئەسپسواری، فیستیڤاڵی ئەسپی ڕەسەنی کوردەواری لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەچوو.
لە فیستیڤاڵەکەدا، چەندین نمایش و چالاکیی تایبەت بە ئەسپسواری و جوانی و ڕێک و پێکی ئەسپە ڕەسەنەکان پێشکەش کران، تێیدا تایبەتمەندی و جوانیی ئەسپی کوردەواری خرانە ڕوو.
ئەم فیستیڤاڵە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێرەوە، بە ئامانجی پاراستن و پەرەپێدانی کەلتوورو دابو نەریتە ڕەسەنەکانی کوردستان ڕێکخرابوو، هەروەها بۆ ناساندنی زیاتر و بەرزکردنەوەی بایەخی ئەسپی کوردەواری، کە بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەکی قوڵی بە ژیان، کەلتوور و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کوردستانەوە هەبووە.