هەولێر … مەراسیمی ناساندن و ئاشناکردنی ڕۆمانی «چ» بەخوێنەران
هەولێر …
مەراسیمی ناساندن و ئاشناکردنی ڕۆمانی «چ» بەخوێنەران
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.10.2026 ، لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، و بە بەشداریی ژمارەیەک لە فەرمانبەر و کتێبدۆستان، مەراسیمی ناساندنی ڕۆمانی «چ»، نووسینی د. محەمەد عوزێری، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنیستیتیۆتی هەولێر بۆ گەشەپێدان، لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، پارێزگاری هەولێر سوپاسی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێری کرد بۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانی ئەم چالاکییە ڕۆشنبیرییە، کە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پشتگیریکردن لە جوڵەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ناساندنی بەرهەمە نوێکانی نووسەرانی شاری ههولێر. هەروەها ستایشی هەوڵ و توانای ئەدەبیی نووسەری ڕۆمانەکەی کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی لە بەرهەمهێنان و خزمەتکردنی ئەدەب و ڕۆشنبیری له ههولێر بۆ خواست.
ڕۆمانی «چ» لە نووسینی د. محەمەد عوزێری، بە ناونیشانێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش، چەندین بابەتی قووڵی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەخاتەڕوو. ناونیشانی ڕۆمانەکە، کە تەنها لە پیتی «چ» پێکهاتووە، وەک هێمایەک بۆ کۆمەڵێک پرسیار و چەمکی جۆراوجۆری پاڵهوانی رۆمانهكه لە ناو ڕووداو و ناوەڕۆکی بەرهەمەکەدا بەکارهاتووە.
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە گوزارشت لە ململانێی نێوان ڕاستی و خەیاڵ و گەڕان بەدوای ناسنامەدا لە ناو ئاڵۆزی و ملمـلانێکانی ژیان دەکات. نووسەر بە بەکارهێنانی زمانێکی سادە له واقیعی وێنهی شارهكهی، بەڵام پڕ لە واتا و ئاماژەی فەلسەفی، هەوڵی داوە سەرنجی خوێنەر بۆ قووڵایی ڕووداوەکان و پرسیارە مرۆیی و فکرییەکانی ناو رووداوی ڕۆمانەکە ڕابکێشێت.
ئەم چالاکییەش لە چوارچێوەی گرنگیدان بە چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و پشتگیریکردن لە نووسەرانی ههولێر و بەرهەمە ئەدەبییە کوردییەکاندا، هەنگاوێکە بۆ زیاتر ناساندنی بەرهەمە نوێیەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان نووسەران و خوێنەران.