ماستەرپلانی شاری هەولێر هەموار دەكرێتەوە
رۆژی یەكشەممە 2022.1.9، بەئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئۆزاكی ئایاكۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی جایكا لە عێراق و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە، لە ڕووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە، دەچێتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە.
لە ڕێوڕەسمەكەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی بە كارێكی گرنگ وەسفکرد، بەتایبەتی بەهۆی ئەو فراوانبوونەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دروست بووە، هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە هەستیان بە گرنگی ئەم كارە كردووە و خستوویانەتە ناو یەكێك لە پێشینەترین كارەكانیان.
لەلایەن خشیەوە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەدا كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دیدگە و پلانی نوێی بۆ ماستەرپلان و دیزاینی شارەكان ڕێكخستووە كە لەگەڵ پێداویستیی سەردەمدا بگونجێن. وتیشی: "هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر پێویستییەكی لەپێشینەیە".