پارێزگارى هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد

پارێزگارى هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.1.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە لوکاس گاسەر، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە دیدارەکەدا وێڕاى ئەوەى جه‌خت له‌ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هه‌ماهه‌نگى و كاركردنى هه‌ردوولا بۆ دروست كردنى ئاڵ و گۆری كللتوری و ئابوری و بازرگانى کرایەوە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کرا.
لەتەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، باس لەو ڕێکار و بڕیارانە کرا کە بۆ مەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لە ڤایرۆسى کۆرۆنای گۆڕاو ئیمۆکرۆن گیراوەتەبەر، پاشان تیشکی خرایە سەر پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانیەکان و لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند:"وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵ دەبین بەهاتنی کۆمپانیاکان و کارکردنیان، دەرگای ئێمە بەڕووی هەموو کۆمپانیا و بازرگان و وەبەرهێنه‌رانی وڵاتان کرایەوە کە بیانەوێت بێن لەهەولێر وەبەرهێنان بکەن، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان ئامادەین هەموو ئاسانکاریەکیان پیشکەشیان بکەین".
لەکۆتایدا باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن، سوپاسى پارێزگاری هەولێری کرد بۆ وەڵامی پرسیارەکانی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێی کرا و ئامادەیی هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی خۆشی بۆ پارێزگار و پارێزگای هەولێر نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان و ھاندانی ھاتنی کۆمپانیاکانی سویسرا بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.