بەفەرمى لەسەر قەڵاى هەولێر، بارەگاى هاوبەشى پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى کرایەوە

بەفەرمى لەسەر قەڵاى هەولێر، بارەگاى هاوبەشى پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى کرایەوە

پێش نیوەڕۆی رۆژی شەممە 2022.1.22، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.سالار عوسمان، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و ئۆلیڤیێ دێکۆتینی، کونسڵى گشتیى وڵاتى فەرەنسا و نوێنەرى کونسڵى گشتیی ئەڵمانیا لەڕێورەسمێکدا بەفەرمى بارەگاى هاوبەشى پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى لەسەر قەڵاى هەولێر کرایەوە و پرۆگرامى ساڵانەیان لەهەولێر بۆ ساڵى 2022 ڕاگەیاند.
لەڕێورەسمەکدا، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا وێڕاى پیرۆزبایی بۆ کردنەوەى بارەگاکەیان دەست خۆشى لە پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى کرد بۆ هەموو ئەو کار و چالاکیانەى لەماوەى ڕابردوودا بە هاوبەشى لە هەولێر پایتەخت ئەنجامیاندا، هەروەها سوپاسى هەریەک لە وڵاتانى فەرەنسا و ئەڵمانیا کرد بۆ هاوکارى و پشتیوانیان لەهەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە شەڕى دژ بە تیرۆرستانى داعش، پاشان لەبارەى ئاوارە و لێقەومان لە پایتەختى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: "لەماوەى چەند ساڵى رابردوو بەتایبەت لە شەڕى تیرۆرستانى داعش کە هەرێمى کوردستان بووە پەناگەیەک بۆ ئاوارە و لێقەوماوان ئەگەر هاوکارى و پشتیوانى ئێوە و دۆستانمان نەبوایە لەو قەیرانە داراییەى ئێمە تێیدابووین بە دڵنیاییەوە نەماندەتوانین ئەو خزمەتە پیشکەش بەو ئازیزانە بکەین، ئێستاش دواى بڕیارى حکومەتى عێراقى بە داخستنى کەمپەکان ئەرکى ئێمە قورستربووە بەهۆى ئەوەى ئاژانسەکانى UN و وڵاتانى کۆمەکبەخش هاوکارییەکانیان بۆ کەمپەکان کەمکردۆتەوە، بەڵام ئێمە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و تێروانین و دیدگاى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەوەیە هیچ کەسێک لەئاوارە و پەنابەران بە زۆرملێ ناگەڕێندرێنەوە، بۆیە پێویستمان بەوە هەیە هەماهەنگى و کارە هاوبەشەکانمان لەگەڵ ئێوە زیاتر و باشتر بکرێت تاوەکو بتوانین بە باشترین شێوە خزمەتى ئاوارە و پەنابەران بکەین کە هەرێمى کوردستان بۆتە پەناگەیەکى ئارام بۆیان".
جێگەى باسە، پەیمانگاى گۆتەى ئەڵمانى و ئەنستیتوتى فەرەنسى دوو مەڵبەندى ڕۆشنبیرى کەلتوورین و پێگەیەکى بەهێزى جیهانیان هەیە بۆ پەرەپێدانى زانستى و ئەکادیمى زمانەوانى و کەلتوورى و دەروازەیەکن بۆ ناساندن و تێکەڵکردنى کەلتوورى هاوچەرخ و هەمجۆرى وڵاتەکانیان لەڕێگەى ئاڵوگۆڕى هونەرى و تەلارسازى و ئەدەب و تەکنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕى بیر و بۆچوون لەنێو کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ ئەو وڵاتانەى بارەگایان لێکراوەتەوە.