پارێزگارى هەولێر پێشوازى لە شاندێکى سەنتەری میترۆ کرد
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 2022.1.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە ڕەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان و شاندێکى یاوەرى کرد.
لەسهرهتاى دیدارەکەدا، شاندى میوان ڕاپۆرتى ساڵانەى سەنتەرى میترۆیان ڕادەستى پارێزگار کرد و سوپاسی هەموو هاوکارى و هەماهەنگییەکیان كرد كە بەردەوام پشتیوانی لە چالاكییەكانی سەنتەرى میترۆ و ڕۆژنامەنووسان کردووە.
لەبەرامبەردا پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى شاندى میوان و بەرزنرخاندنى ڕۆڵی سەنتەری میترۆ لە بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، تیشکى خستە سەر ئیتیک و کارى ڕۆژنامەوانى و ئازادی رادەربڕین و ئاماژە بەوەدا یەکێک لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادی ڕۆژنامەوانى و دیموكراسییە، بەشانازییەوە بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوى مەزنى نراوە، بەجۆرێک دەبینین لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا چەندین کەناڵ و دەزگای میدیایی بوونیان هەیە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن، ئەگەرچى ئەمڕۆ دەرفەتێکی زێڕین بۆ بوارى ڕۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستاندا ڕەخساوە و میدیا بە شێوەیەکى گشتیى پێی ناوەتە قۆناخێكی پێشکەوتوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا پێویستی ڕۆژنامەنووسانى ڕاستەقینە و پیشەیی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی کارى ڕۆژنامەوانى ڕێز لە كاری خۆیان بگرن و بەرپرسانە مامەڵە بکەن و پەیامەکانیان لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکان بگەێنن.
لەکۆتایدا، ڕەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان و شاندێکى یاوەرى، سوپاسی پارێزگارى هەولێریانکرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا.