لەژێرچاودێرى و ئاماده‌بوونى پارێزگارى هەولێر و کونسڵی گشتیی کۆریای باشوور، بەردى بناغەى پڕۆژەى دەروازەى کتێبخانەى زەیتوون دانرا

لەژێرچاودێرى و ئاماده‌بوونى پارێزگارى هەولێر و کونسڵی گشتیی کۆریای باشوور، بەردى بناغەى پڕۆژەى دەروازەى کتێبخانەى زەیتوون دانرا

سەرلەبەیانى رۆژی سێشەممە 2022.1.25، لەژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و چۆی کوای ژین، کونسڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر لەڕێورەسمێکدا بەردى بناغەى پڕۆژەى دەروازه‌ى کلتوورى کۆریا بۆ کتێبخانەى زەیتوون دانرا.
لەڕێورەسمەکەدا کە مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و بەڕێوەبەرى کتێبخانەى زەیتوون و ژمارەیەکى دیکە لەمیوانان ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە وەکو کارێکى یادگارى حکومەتى کۆریایی باشوور دەبێت بۆ پایتەختى هەرێمى کوردستان کەسیمایەکى جوان بە دەروازەى کتێبخانەى زەیتوون دەبەخشێت، لە داهاتووشدا بەرنامەمان هەیە بە هاوبەشى و هاوکارى کونسڵخانەى وڵاتى کۆریای باشوور تەواوى کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و پێداویستیەکانى بۆ دابین بکرێت، بەمشێوەیەش کتێبخانەى زەیتوون دەبێتە یەکێک لە خزمەتگوزارییە جوانەکانى شارەکەمان. سوپاس بۆ بەڕێز (چۆی کوای ژین) سەرکونسڵى گشتی و کونسڵخانەى وڵاتى کۆریاى باشوور لە هەولێر کە هەمیشە دەست پێشخەربوونه‌ لە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى ناوازە بەتایبەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر".
پارێزگارى هەولێر هه‌روه‌ها گوتى: "ئەمڕۆش کە دواین ڕۆژى کارى فەرمى بەڕێز سەرکونسڵە، وێڕاى ئەوەى ئومێدى سەرکەوتنى بۆ دەخوازین لەکارى نوێى، تەئکید لەسەر ئەوەدەکەینەوە کە لە ماوەى سێ ساڵى کارکردنى بەڕێزیان لە هەرێمى کوردستان بە تایبەتى لە هەولێرى پایتەخت و لەلاى هەولێرییەکان خۆشەویستیەکى زۆرى لەدڵى هەموولایەکمان دروستکردووە، ئەو تێکەڵبوونە فەرهەنگى و کەلتوورییەى بەڕێزیان لەگەڵ کۆمەڵگاى ئێمە بۆتە بەشێکى گرنگ لەو خۆشەویستییە و هەروەها خۆشەویستى بەڕێزیان بۆ شارەکەمان و حکومەتەکەمان، ئەمەش ماییەى پێزانینە، ئێستاش لەناخى ئەو دەگەین کە چەندە نیگەرانە بە ماڵئاواییکردن لە شارەکەمان و لە هەرێمى کوردستان".