بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، ڕێکخراوى پەیامنێران ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆیان ڕاگەیاند

بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، ڕێکخراوى پەیامنێران ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆیان ڕاگەیاند

سەرلەبەیانى رۆژی سێشەممە 2022.1.25، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى وڵاتى فەڵەستین و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ڕۆژنامە نووسان، ڕێکخراوى پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، لە ڕێورەسمێکدا ڕاپۆرتى پێشێلکارى ساڵى 2021ى خۆیان ڕاگەیاند.
لەڕێورەسمەکەدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە ڕێکخراوى ناوبراو بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتى ساڵانەیان هیواى سەرکەوتنى بۆخواستن و ئاماژەى بەوەدا کە فەرهامکردنى ئازاداى ڕادەربڕین و ئازادى ڕۆژنامەوانى یەکێکە لە ئامانجەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمەش وایکردووە چەندین کەناڵى گەورە و دەزگاى میدیا زۆر لەکوردستان دورستبێت و بوارى ڕۆژنامەگەرى بەگشتیى لە هەرێمى کوردستاندا پێ بنێتە قۆناخێكی پێشکەوتوو، بۆیە دەبێت یاسایی ڕۆژنامەنووسان بەگوێڕەى ئەو واقیعە ئەمڕۆ هەیە هەموار بکرێتەوە.
پارێزگارى هەولێر هەروەها تیشکى خستەسەر ئەوەى کەکارى ڕۆژنامەوانى تەنها پیشەنییە بەڵکو کارێکە وابەستەیە بە هەموو کۆمەڵگا و دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییەکى کۆمەڵایەتییە بۆیە دەبێت ڕۆژنامەنووسى ڕاستەقینە بە پابەندبوون بە یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان و ئیتیكی کارى ڕۆژنامەوانى بەرپرسانە مامەڵە بکات و پەیامەکانیان لە خزمەتی کۆمەڵایەتى بگەێنن.