ڕێکخراوی (UNDP) بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر پڕۆژەی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆر بۆ کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین جێبەجێدەکات
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2022.1.31، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری EJCC/پارێزگای هەولێر و ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری و ژمارەیەکی دیکە لەمامۆستایانی کولێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین، لەگەڵ ستیفن شمیپ، بهرێوهبهرى بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) لەعێراق لەڕێگەی ئۆنلاین سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابینکردی کارەبا بەوزەی خۆر لەکولێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
لەبارەی پڕۆژەکە کە ڕێکخراوی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) بەهەماهەنگی لەگەڵ EJCC/ پارێزگای هەولێر لەڕێگەی کۆمپانیایەکی فەڕەنسی جێبەجێدەکرێت و بەمزووانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پارێزگاری هەولێر سوپاسی ڕێکخراوی ناوبراوی کرد بۆ هەموو ئەو پڕۆژە و کارانەی لەسنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامیانداوە بەتایبەتی ئەو پڕۆژەیە کەهەم سوودی بۆ کۆلێژکە دەبێت و هەمیش لەڕووی زانستیەوە خزمەتێکی زۆری قوتابیان دەکات، هەروەها ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر دەخوازین ڕێکخراوی ناوبراو لەپڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بەردەوام بێت بەتایبەتی لە سێکتەری ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا".
لەلایەن خۆیەوە ستیفن شمیپ، بهرێوهبهرى بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد و دڵنیایدا کە تەواوی سەرنج و پێشنیاز و داخوازییەکانی بەهەند هەڵدەگرن و دەیخەنە بەرنامەی کارەوە، هیواشی خواست لەنزیکترین کاتدا دووبارە لەنزیکەوە بەدیداری یەکتر شادببنەوە.