لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بەگوژمەى زیاتر لە (12) ملیار دینار هەردوو پڕۆژەى ڕێگاى قەرەچووغى بچووک و گەورە لە جێبەجێکردندان
لەسەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەمەبەستى زیاتر خزمەتکردنى سنوورى قەزایی مەخموور و ناوچەکە بەگشتیى بەگوژمەى زیاتر لە (12) ملیار دینار هەردوو پڕۆژەى چاککردن و قیرتاوکردنى ڕێگاى قەرەچووغى بچووک و قەرەچووغى گەورە لەجێبەجێکردندان، نیوەڕۆى رۆژی پێنجشەممە 2022.2.3، بەمەبەستى لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى هەردوو پڕۆژە، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و بەرێوەبەرى گشتیى چاككردنهوه و پاراستنى ڕێگا و بانى ههولێر و بەڕێوەبەرى ناحیەی دیبگە و بەڕێوەبەران و ئەندازیارانى کۆمپانیاکانى جێبەجێکارى پڕۆژەکە، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەکى تایبەت بە هەردوو پڕۆژەکە ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکان کرد، تەئکیدى لەسەر خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کردەوە، هەروەها ئاماژەى بەوەدا پێویستە لەو ماوەیەى کە دیاریکراوە و لەکاتى خۆیدا پڕۆژەکان بە کۆتابێت و بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت هیچ جۆرە کەمتەرخەمیەک لەکارەکاندا بکرێت، ئامادەین هەرچی پێویستە بۆ هاریکارى و یارمەتى و ئاسانکارى لەپێناو پڕۆژەکە پێشکەشتان بکەین، لەلایەن خۆشمانەوە لەنزیکەوە بەوردی چاودێرى کوالێتى و بەڕێوەچوونى کارەکان دەکەین.